پزیشکێکی کورد دڵی مردوو بۆ زیندوو دەگوازێتەوە

لە چیک ناوی پزیشکێکی کورد دەبێتە مانشێتی میدیاکان
kurdistan24.net

K24 - پراگ

لەنێو ئەو کوردانەی بە مەبەستی خوێندن روویان لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا کردوە، کەسانی بە توانا و داهێنەریان لێهه‌ڵكه‌وتووه‌، کە بەهۆی کارو داهێنانەکانیان خزمەتی گەورەیان بەو وڵاتانە کردوە کە تێیدا خوێندویانه‌ و دەژین. دکتۆر مەریوان هەڵەبجەیی پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵە و لە چیک دەژیت، ئەو دکتۆرە دڵی دەستکرد بۆ نەخۆشەکانی دڵ دەچێنێت و دڵ لە کەسێکی مردوشەوە دەگوازێتەوە بۆ کەسێکی زیندوو.

لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، دەستپێکێکی نوێ لە ژیانی ئەو گەنجە هەڵەبجەییە دەستپێدەکات و لە رێگەی ئینستیتۆتی کوردی لە پاریس دەرفەتی خوێندنی پزیشکی لە وڵاتی چیک بۆ دەڕەخسێت. ئەو ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانە پێشکەوتوەکانی وڵاتی چیک وەک پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری دڵ کار دەکات.

دکتۆر مەریوان لەگەڵ تیمێکی دکتۆرە چیکییەکان بەشدار دەبێت لە چاندنی دڵی دەستکرد، بۆ نەخۆشەکان ئەو سەرکەوتنەی ئەو دکتۆرە کوردە دەبێتە جێی بایەخی میدیای چیکی و لە مانشێتەکانیاندا دەنووسن دکتۆرێکی کورد دڵی چیکییەکان رزگار دەکات.

جگە لە چاندنی دڵی دەستکرد، لەگەڵ تیمەکەی دڵ لە کەسێکی مردوەوە دەگوازنەوە بۆ کەسێکی زیندوو.

دکتۆر مەریوان هەڵەبجەیی لە ساڵی 1992ەوە بۆ خوێندن رویکردووەتە وڵاتی چیک، ئەو چاوی لەوەیە نەک تەنها دڵی چیکییەکان بەڵکو خزمەتی دڵی کوردانیش بکات، بۆ ئەوەش بەشداری چەند کۆنفرانسێکی پزیشکی کوردستانی کردوەو کۆمەڵێک بیرۆکەی هەیە، بۆ پێشخستنی بواری پزیشکی لە هەرێمی کوردستان.

ھ.م