ئامێرێكی ساخته له بازاڕەكانی كوردستان مامەڵەی پێوە دەكرێت
K24 - ھەولێر
ماوەی چەند مانگێکە ئامێرێک لە ناو بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکار دەھێنرێت کە ساختەیە و کوالێتی نزمە بۆ پارێزگاری كردن (درعی) لە مۆبایل بەکار دەھێنرێت.
وەزارەتی بازرگانیش داوا دەکات یاساکانی بازرگانی و چاودێری بازاڕ ھەموار بکرێتـەوە، تا ھەرێمی کوردستان نەبێت بە مەڵبەندی ساغکردنەوەی کاڵای خراپ.
ئەو جۆرە ئامێرە کە ئێستا بەشێک لە دوکانەکانی مۆبایل فرۆشی و دەستگێرەکان لە ناو بازاڕی ھەرێمی کوردستان بە کاری دەھێن بۆ درعی مۆبایل بەکاردێت و لە بنەڕەتدا ئامێرەکە چینییە، بەڵام بە قسەی خاوەنی ئامێرەکان ئەمەی ھاتووەتە ھەرێم ساختەیە و بێ کوالێتییە ئەو پێداویستیانەشی بۆ ئامێرەکە بەکاردێت کوالێتیان نزمە.
خاوەنی یەکێک لەم ئامێرانە دەڵێت "ئامێرەکەم بە 90 دۆلار کڕیوە پێداویستیەکانیشی بە 20 بۆ 30 دۆلارە، بەڵام ئەسڵی نییە و ئێمەش لە بازاڕی جوملە کڕیومانەتەوە".
شارەزا و بەکارھێنەرێکی مۆبایل دەڵێت "کێشەکانی مۆبایل لە دوای سێ مانگ دەردەکەوێت كاتێك گەرم دەبێت شاشای مۆبایلەکە تێکدەدا".
وەزارەتی بازرگانی داوا دەکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ لەو کەلوپەلە خراپ و بێکوالێتیانە دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە لیژنەکانی پشکنینی بازاڕ و یاساکانیش ھەمواربکرێتەوە.
لە پلانی چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پەرە بە کەرتی پیشەسازی بدرێت لە ھەرێمی کوردستاندا و سنوورەکانیش ئاوەڵا نەبن، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندى ساخکردنەوەی کاڵای ساختە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پلانی چوار ساڵی ئایندەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرووە.
ھ.م