بۆچی زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی جه‌ڵته‌ی دڵ له‌ به‌یانیان رووده‌دات؟

به‌ چه‌ند شێوازێك ده‌توانرێت گیانی نه‌خۆشه‌كه‌ بپارێزرێت

K24 - سلێمانی:

بەگوێرەی ئامارەکان ڕۆژ بەرۆژ حاڵەتەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ھەرێمی کوردستان زیاد دەبن، پزیشکانیش رێنمایی ھاووڵاتیان دەکەن بەمەبەستی ڕوونەدانی حاڵەتەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ.

سەرباری پێشکەوتنی خەڵك و بوونی زانیاری تەواو لەسەر تووشبوون بەجەڵتەی دڵ، بەڵام ساڵ بەساڵ حاڵەتەکانی تووشبوون بەجەڵتەی دڵ لەھەرێمی کوردستان زیاد دەکات.

لەنێو حاڵەتەکانی جەڵتە ھەموو تەمەنێکی تێدایە، زۆرینەی ئەوانەشی کە تووشیبوون لەبەرەبەیاندا روویانداوە، پزیشکانیش ھۆکاری سەرەکی زیادبوونی حاڵەتەکان بۆ خواردنی چەور و ئەنجامنەدانی وەرزش و بەکارھێنانی ماددە زیان بەخشەکان دەگەڕێننەوە.

ئامارەکان دەریانخستووە کە لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵ 500 حاڵەتی جەڵتەی دڵ لە سنووری سلیمانی تۆمارکراوە، ژمارەکە  بە بەراود لەگەڵ 10 ساڵی ڕابردوو، زۆر زیادبووە.

زۆرینەی ئەوانەی زوو گەیەنراونەتە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و چاکبوونەتەوە، بەڵام بەشێك لە حاڵەتەکان بەھۆی کتوپڕی جەڵتەکە و بەھێزی، گیانیان لەدەستداوە.

جەڵتەی دڵ حاڵەتێکە کە تێدا خوێن بۆ ماوەیەك ناگاتە بەشێك لە ماسوولکەکانی دڵ و بەو ھۆیەوە خانەکانی دڵ تووشی زیان دەبن یان دەمرن.

ئ. م