بۆچی لە هاویندا دووچاری هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا دەبین؟

کاتێک لەبەر سپلیت هەڵدەستیت و دەچیتە دەرەوە، چی لە لەشدا دەگۆڕێت؟

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەم وەرزەدا، هاووڵاتیان روودەکەنە بەکارهێنانی ئامێرە فێنککەرەوە کارەباییەکان، بەڵام بوونی جیاوزییەکی زۆر لە نێوان پلەی گەرمی ناو ماڵ و دەرەوەی ماڵ زیانی تەندروستی هەیە.

پزیشکان هۆشداریی دەدەن لەوەی، کاتێک لە ماڵەوە دەچینە دەرەوە، دەبێت جیاوازی پلەی گەرمی بزانین، چونکە پلەی گەرمی لە دەرەوە بۆ 45 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.

راڤا ئارۆرا، پزیشک لە نەخۆشخانەی ئەبو زەبی دەڵێت: "دەبێت خەڵک هاوسەنگی دروست بکات لە نێوان پلەی گەرمی ماڵ و دەرەوەی ماڵ چونکە کاتێک جیاوازییەکە زیاد لە 20 پلە بێت، ئاسان دووچاری نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دەبین".

دەشڵێت: "ئەو گۆڕینەی کەشوهەوا، رێڕەوەکانی هەوا لە مرۆڤدا جەنجاڵ دەکەن، ئەمەش بە دڵی ڤایرۆسەکانە و دەبێتە هۆی هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا".

ئەو پزیشکە ئاشکرای دەکات، توێژینەوە نوێکان دەریان خستووە، گۆڕینی کەشوهەوا بەشێوەیەکی کتوپڕ، دەبێتە هۆی ئەنفلەوەنزا بە تایبەت لە منداڵ و کەسە بەتەمەنەکاندا.

ئاماژە بەوەشدەدات، ئەو دۆخە کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو کەسانە دروست دەکات کە هەستیاریی بۆرییەکانی هەناسەیان هەیە.

بۆ خۆپارستن لە هەڵامەت و ئەنفلەوەنزای هاوین، دەبێت راستەوخۆ لە شوێنی سارد نەچیتە شوێنێکی گەرم یاخود بە پێچەوانەوە، هەروەها، ئەگەر دووچاری نەخۆشییەکەش هاتین، باشترە زوو زوو دەستما بشۆین و بڕێکی زۆر ئاو بخۆینەوە.

The National

H.J