کۆرۆنا گەیشتە ئەوروپا و ئوستراڵیا

تا دێت ژمارەی قوربانیان زیاتر دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسانی فەرەنسا پشتڕاستیانکردەوە، سێ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە و فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵات لە ئەوروپا کە حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندرواێکی وەزارەتی تەندروستی فەرەنسا، دوو لەو کەسانە بەم نزیکانە گەشتیان بۆ چین کردووە، ئەوەی دیکەش خزمی ئەم دوو کەسەیە.

هەروەها لە ئوستراڵیاش، چوار حاڵەت تۆمار کراون.

تاوەکو ئێستا 41 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون و تەنیا لە چین، هەزار و 280 کەس تووشبووی ڤایرۆسەکەن.

بەهۆی ئەمەش، گواستنەوەی گشتی لە چەند شارێکی چین داخراون و بڕیاریشە لە ماوەی 10 نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو ڤایرۆسە بکرێتەوە.

کۆرۆنا ڤایرۆسێکە دووچاری باڵندە و شیردەرەکان دەبێت. لە مانگا و بەراز دەبێتە هۆی سکچوون و لە مریشکیش دەبێتە نەخۆشییەکانی هەناسەدان. لە مرۆڤیش، نەخۆشییەکە هەندێک لە نیشانەکانی پەتای هەیە و کار دەکاتە سەر سییەکان. تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نییە.