دەست بەسەر سێ تۆن و نیو هێلکەی نایاساییدا لە هەولێر گیرا

"هەندێک لە هێلکەکان هیچ رێککەوتێکیان لەسەر نەبووە"

K24 – هه‌ولێر:

سێ هەزار و 500 کیلۆگرام هێلکەی قاچاخ لەلایەن بازگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پیرمام- کۆڕێ دەستی بەسەردا گیرا.

بەگوێرەی راگەیەندرواێکی قایمقامیەتی هەولێر، ئەم جۆرە هێلکەیە بە نایاسایی داخڵکراون، رێکەوتی 9 مانگی لێدراوە. بەشێکیش لەم ھێلکەیە ھیچ رێکەوتێکی لەسەر نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، نابێت هێلکە رێکەوتی دەرچوون و بەسەرچوونی زیاتر لە 30 رۆژی لێبدرێت.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو هێلکەیەی دەستی بەسەرداگیرابوو گواسترایەوە بۆ زبڵخانەی کانی قڕژاڵە و لەوێ لەناو بردرا. ئۆتۆمبێلەکەش دەستی بەسەرداگیراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.

‌‌H.J