سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه كوشنده‌كه‌ی چین دۆزرایه‌وه
K24- هه‌ولێر:
پسپۆڕانی تایبه‌تمه‌ند به په‌تا و ڤایرۆسه گوازراوه‌كان له چین توانییان سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بدۆزنه‌وه، كه له كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو بڵاوبووه‌ته‌وه و به هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س له هه‌رێمی وۆهانی ئه‌و وڵاته گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئاژانسی هه‌واڵی شینخوای فه‌رمی له وڵاتی چین بڵاویكرده‌وه، ڤایرۆسی كۆرۆنا كه به ناوه زانستییه‌كه‌ی به "2019-nCoV" ده‌ناسرێت، له رێگه‌ی وه‌رگرتنی چه‌ند سامپڵێك له بازاڕی "هوانان" بۆ خواردنه ده‌ریاییه‌كان دۆزرایه‌وه، كه له‌و بازاڕه ئاژه‌ڵی وشكانیش ده‌فرۆشرێت.
ئاژانسه چینییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، له كۆی 585 سامپڵی وه‌رگیراو له بازاڕی هوانان، ترشی ناوه‌كی "DNA"ـی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ناو 22 سامپڵیدا هه‌بووه. پسپۆڕان توانیویانه ڤایرۆسه مه‌ترسیداره‌كه ده‌ستنیشان بكه‌ن. ئه‌مه‌ش به گوته‌ی خۆیان، "مانای وایه ئه‌و ئاژه‌ڵه وشكانیانه سه‌رچاوه‌ی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ن، كه له‌و بازاڕه كڕین و فرۆشتنیان پێكراوه".
پێشتریش ده‌سه‌ڵاتدارانی چین دووپاتیانكردبووه‌وه، له مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو ڤایرۆسێكی نه‌ناسراو بڵاوبووه‌ته‌وه و ناویان نا "2019-nCoV" و ده‌بێته هۆی هه‌وكردنی سییه‌كان، تا ئێستاش به‌هۆی ئه‌و په‌تایه 57 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له 2 هه‌زار تووشبوونیش تۆماركراوه.
جگه له وڵاتی چین، ئه‌و ڤایرۆسه له چه‌ندین وڵاتی دیكه به‌م شێوه‌یه بڵاوبووه‌ته‌وه: 4 حاڵه‌ت له تایلاند، 3 حاڵه‌ت له ژاپۆن، 2 حاڵه‌ت له كۆریای باشوور، 2 حاڵه‌ت له ئه‌مه‌ریكا، 2 حاڵه‌ت له ڤێتنام، 3 حاڵه‌ت له سنگاپوره، 2 حاڵه‌ت له فه‌ره‌نسا و حاڵه‌تێكیش له نیپاڵ تۆماركراوه.
H.B