ئەمەریکا جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی لە دەشتی نەینەوا راگەیاند

سوودی بۆ گەنجی ناوچەکە دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

ئەمەریکا چوار ملیۆن دۆلاری بۆ کۆمەڵێک پرۆژە لە دەشتی نەینەوا تەرخانکردووە و جێگری سەرکونسوڵی ئەمەریکاش لە هەولێر دەڵێت، گەنجانی عێراق کاریان دەوێت و لەمەشدا ئەمەریکا هاوکاریان دەبێت.

ئێلیزابێس رەوزنستۆك سیلەر، جێگری کونسوڵی گشتی ئەمەریکا بە کوردستان24ی راگەیاند: "گەنجانی عێراق داوای هەلی کار دەکەن، ئێمەش پرۆژەیەکمان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار کە بەشێکی لە هەولێر و بەشێکی دیکەی لە نەینەوایە هەیە".

لای خۆیەوە، هاڵام فێرگسۆن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدان گووتی، ئێمە زۆر لامان گرنگە لە کوردستان و عێراق کار لەسەر بەهێزکردنی کەرتی تایبەت بکەین، من دەمەوێ باس لەوە بکەم کە ئێمە وەک ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدان، هەمیشە لەگەڵ رێکخراوە گەورە نێودەوڵەتییەکان کارمان کردووە.

بەڕێوەبەری پرۆژەکەش، مارن دازی، ئاشکرایکرد: "چوار ملیۆن دۆلارمان وەرگرتووە، نزیکەی 10 هەزار کەس سودمەند دەبن کە سەر بە پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوان و زیاتریش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵە، ئامانجمان رەخساندنی هەلی کارە لە دەشتی نەینەوا".

H.J