ئەمەریکا و تورکیا باس لە چارەنووسی کورد دەکەن

پۆمپیۆ گەشبینە کە کوردەکان پارێزراو دەبن

K24 – هه‌ولێر:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشبینە بەوەی رێککەوتنی پاراستنی شەڕڤانە کوردەکانی سووریا لەگەڵ تورکیا دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی بی بی سی، پۆمپیۆ لە ئیماراتەوە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی، مەولود چاوشئۆغلۆ، ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و چۆنییەتی پاراستنی کوردەکان کردووە.

جیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، پۆمپیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ئەبو زەبی رایگەیاندووە: "خەڵکی تورکیا و ئەردۆغان مافی خۆیانە پارێزگاری لە وڵاتەکەیان بکەن لە تیرۆرستان، بەڵام ئەوانەشی جەنگیان شانبەشانی ئێمە کردووە دەبێت پارێزراو بن".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی رێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر کێشەی کوردەکان دەڵێت: "زۆر شت هەن کە دەبێت کاریان لەسەر بکەین، بەڵام من گەشبینم بەوەی ئێمە دەتوانین بگەینە رێککەوتن".

لای خۆیانەوە، تورکیا و بەرپرسانی رەتی دەکەنەوە شەڕڤانە کوردەکانی سووریا بپارێزن و لێدوانەکانی ئەمەریکا لەوبارەیەوە رەت دەکەنەوە.

پۆمپیۆ بۆ روونکردنەوەی سیاسەتی ئەمەریکا و کشانەوەی هێزەکانیان سەردانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و بڕیاریشە مانگی داهاتوو دیدارێک لە پۆڵەندا لەبارەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران ساز بکات.

H.J