ئاسایشی سلێمانی چۆنییەتی دەستگیرکردنی مووچەدزەکانی راگەیاند

ئەمڕۆ مووچەکە دابەش دەکرێت

K24 – سلێمانی:

ئاسایشی سلێمانی وردەکاری و چۆنیەتی دەستگیرکردنی تاوانبارانی دزینی مووچەی فەرمانبەر و پزیشکانی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی ئاشکرا کرد.

وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "توانرا لە چەند کاتژمێرێکدا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانه‌وه‌ سەرەداوەکان ئاشکرا بکرێن و تاوانباران، کە خەڵکی ئەم وڵاتەن، دەستگیر بکرێن".

لەبارەی ژمارەی تاوانباران و چۆنییەتی دەستگیرکردنیان، وەستا حەسەن رایگەیاند: "ژمارەی تاوانباران حەوت کەس بوون و لە دەرەوەی شار دەستگیر کراون، بە هۆی زۆری بازگەکان نەیانتوانیووە هەڵبێن".

راشیگەیاند :"ئەمڕۆ مووچەکە بەسەر کارمەندانی نەخۆشخانەی شاردا دابەش دەکرێت"

لای خۆیەوە، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا پێشتر ئاشكرای كردبوو، ئەو كەسانەی پارەی نەخۆشخانەی شاریان لە سلێمانی دزیبوو، دەستگیر كراون و پارەكەش گەڕێندراوەتەوە.

دوێنێ سێشەممە 13/03/2019، نزیکەی ملیارێک دینار مووچەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی دزرا و ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان گەڕاندنەوەی پارەکە و دەستگیرکردنی تاوانبارانیان راگەیاند.

 H.J