چەند حەشارگەیەكی داعش لە بیابانەكانی ئەنبار تەقێندرانەوە

ئۆپەراسیۆنێك دژی داعش ئەنجامدەدرێت

K24 - ھەولێر

هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە بیابانەکانی ئەنبار ئەنجامدا و چەندین حەشارگە و تونێلی چەکدارانی داعش تەقێنرانەوە.

ئاژانسی ئەسیوشیەتدپرێس دیمەنی ڤیدیۆیی، ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی عێراقی لە بیابانەکانی ئەنبار بڵاوکردەوە، کە تیایدا دوای دۆزینەوەی چەندین حەشارگەی ژێر زەوی و تونێلی چەکدارانی داعش، سەرجەمیان لەلایەن سەربازانەوە دەتەقێنرێنەوە و دەستیش بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیدا دەگیرێت.

ئەو پرۆسە سەربازییەش لە چوارچێوەی قۆناخی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سەرکەوتن دایە، کە بەدرێژایی دوو مانگی رابردوو هێزە هاوبەشەکانی عێراق، بۆ پاککردنەوەی چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، نەینەوا و باشووری کەرکووک دەستییان پێکردووە.

لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سائیرون پێیوایە بڕیاری دەرچوونی هێزە بیانییەکان بەدەست حکوومەتەوەیە.

ریاز محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند، دەستەڵاتی جێبەجێکردن لە بڕیاری دەرچوونی هێزە بیانییەکان بەرپرسە، نەوەک دەستەڵاتی یاسادانان، چونکە هێزەکانی بیانی لەسەر داوای حکوومەت هاتوونەتەوە نێو عێراقەوە، نەوەک پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گوشاری سیاسی لەسەر حکوومەت هەیە و ناتوانێت بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان بدات.

پێشتر چەندینجار باس لەوەکراوە، کە پڕۆژە یاسای دەرچوونی هێزە بیانییەکان دەخرێتە بەرنامەی کاری یەکێک لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەڵام تائێستا ئەمە نەکراوە.

ھ.م