گۆڕانكاری لە كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی دەكرێت

"ئێستا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان 3570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كارەبای ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا گۆڕانكاری لە كاتەكانی كارەبای نیشتمانیی دەكرێت و 17-18 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان ده‌درێت.

وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ: "پاش هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کارەبا و چۆنیەتی ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی غازی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارۆئاوی لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، کە ئێستا بە تێکڕا 3570 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەم بڕە کارەبایە و بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەڵکشانی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 5000 مێگاوات، وەزارەتی کارەبا دەتوانێت لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا 17- 18 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان بدات و 6 کاتژمێرەکەی دیکەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلییەوە کارەبا بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت".

وەزارەتی كارەبا داوا لەهاووڵاتیان دەكات: "هاوکارمان بن لە کەمکردنەوەی زیاد بەکارهێنانی کارەبا، چونکە لە وەرزی هاویندا بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەر و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا و بە هۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت کارەبا بگەیەنرێتە هەموو هاوبەشانی کارەبا".

ھ.م