چەند هۆکارێک بێ ئەوەی بزانین دەبنە هۆی تێکچوونی کرداری هەرس

بنێشت و شەکرەکەی زیانیان بۆ گەدە چییە؟

K24 – هه‌ولێر:

رەنگە زۆر رێگات بەکارهێنابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەرس و سوودی نەبووبێت، ئەمەش رەنگە بەهۆی ئەوەوە  بێت کە هەندێک خوی خراپت هەیە.

ئیریکا ئارمسترۆنگ، پزیشک و دامەزرێنەری سایتی Root functional medicine، هانا ماگی، پسپۆڕی خۆراک، کەیلی پەیج، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس، چەند راستییەک لە بارەی تەندرستی ریخۆڵەکان و کۆ ئەندامی هەرس ئاشکرا دەکەن.

خواردنی کاڵ

خواردنی کاڵ، دەوڵەمەند بە فایبەر و پرۆتین کاتی زیاتری بۆ هەرسکردن دەوێت، بۆیە ئەو کەسانەی زۆر ئەو خۆراکانە دەخۆن، کرداری هەرس تیایاندا کاتی زیاتری دەوێت.

تەنانەت باشترە هەندێک لەو گژوگیایانەی دەیانخۆیت، بە هەڵم بیانکوڵێنیت.

دەرمان

زۆر کەس دەرمانی سەرئێشە و دژە هەوکردن بەکاردەهێنێت، زۆر بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەش زیان بە ریخۆڵە دەگەیەنێت.

ئەگەر جارێکی دیکە بڕیارتدا حەپێکی سەرئێشە بخۆیت، سەرەتا بیر لەوە بکەرەوە بۆ سەرت دەئێشێت، رەنگە بە هۆی فشار و کەمخەویی بێت، پێویست ناکات هەمیشە پەنا بۆ دەرمان بەریت.

جوینی بنێشت

بەشێکی زۆر لە بنێشتەکان شەکر و چەند ماددەیەکی دیکەیان تێدایە کە زیان بە سیستمی هەرس دەگەیەنن. هەروەها رێگری لە گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکان لەناو ریخۆڵە دەکەن.

ئەو شەکر و ماددانەی لەناو بنێشت هەن دەبنە هۆی سکچوون و قەبزی.

یەکێکی دیکە لە زیانەکانی بنێشت ئەوەیە، دەبێتە هۆی دەردانی ئەنزیمی هەرس و ترشەکانی گەدە، کە خۆی بە سرووشتی ئەو ماددانە کاتێک دەردەدرێن، خواردن لەناو گەدە هەبێت، بەڵام دەردانی ئەم ئەنزیم و ترشانە بەبێ خواردن، دەبێتە هۆی دڵە کزێ.

 پزیشکان رێنمایمان دەکەن، ئەگەر هەربنێشتیش دەجووین، دەبێت بێ شەکر بێت.

خواردنی هەمان شت

خواردنی هەمان شت و پەیڕەکردنی پلانێکی نەگۆڕ، زیانی بە دواوەیە.

مێشکی مرۆڤ و کۆئەندامی هەرس بەردەوام لە پەیوەندیدان، کاتێک مرۆڤ یەکجۆر خواردن دەخوات، فشار دروست دەبێت و پرۆسەی هەرسکردن تێکدەچێت.

خواردنەوەی ئاو

خواردنەوەی ئاو سوودی زۆری بۆ کۆ ئەندامی هەرس هەیە چونکە ریخۆڵەکان پێویستییان بە ئاوە تاکو پاشەڕۆکان فڕێبدەنە دەرەوە. گرنگە کە هەمیشە بڕی پێویستی ئاو بخۆینەوە.

ناڕێکی خشتەی خەو

خەوتن لە کاتی خۆیدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی بەکتریای سوودبەخش و پرۆسەی هەرسکردن چالاک دەکات.

تێبینی:

جیا لەم خاڵانە، ئەو خواردنانەی بە شێوەیەکی تەندروست ئامادەناکرێن یاخود کوالیتیان خراپە، دەبنە هۆی تێکچوونی گەدە.

Bustle

H.J