دەستگیركراوانی پەكەكە لە زیندانەكانی ئاسایشی سلێمانی مان لە خواردن دەگرن

" 52 كەس دەستگیر كراون"

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی ژمارەیەك ئەندام و لایەنگری پەكەكە لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیركران، وەك ناڕەزایەتی دەربڕین مان لە خواردن دەگرن.

ئاژانسی رۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە رایگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ ئاسایشی سلێمانی لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی پاریس (ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان) لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادیی 52 کەسی دەستگیرکرد، کە پێکهاتوون لە چالاکانی رێکخراوەکانی ژنان و رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆژنامەنووسان، ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەپێی زانیارییەكان ئەوانەی لە زیندان ماون مانیان لە خواردن گرتووە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "شەوی رابردوو تەنیا پێنج کەسیان ئازاد کران، ئەوانەی دیکە ئێستا لە زیندانی کانی گۆمەدان".

ئەمە لەكاتێكدا وەك رێگری لە نمایشكردنی  (فیلمی ساکینە سانجز) رۆژی سێشەممە 08/01/2019 ئاسایشی سلێمانی سینەما سالمی داخست، ئەمەش لەلایەن لایەنگرانی پەكەكە و ژماریەك لە رۆشنبیرانی سلێمانی كاردانەوەی لێكەوتەوە.