دوای 73 ساڵ ته‌مه‌ن پارتی هه‌ر یه‌كه‌می كوردستان و عێراقه‌

، هێشتا به‌هێزترین و یه‌كه‌مین حزبه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شانزەی ئابی ساڵی 1946 به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا بارزانی دامه‌زرا، 73 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی له‌ قۆناغ و هه‌لومه‌رجی جیاوازی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بارودۆخی جیاوازی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی تێپه‌ڕاند، به‌ڵام به‌گوێره‌ی دوایین ده‌ره‌نجامی ھەڵبژاردن ده‌نگی حزبه‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق  ده‌ركه‌وت، هێشتا به‌هێزترین و یه‌كه‌مین حزبی سه‌ر ئاستی مه‌یدانی سیاسی كوردستان و عێراقه.‌

لە ساڵی 1946 بە رابەرایەتی مستەفا بارزانی و بە هەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا.

لە 16ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی یەکەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و مەلامستەفا بارزانی وەکو سەرۆک و رێبەری ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

لە ساڵی 1961 بەهۆی زوڵمی زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پاشگەزبوونەوەیان لە پێدانی مافەکانی گەلی کوردستان، پارتی بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی دا، کە ئەو کات بەشێکی زۆر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستەییدا دەیانناڵاند.

لە ساڵی 1970 لە ئەنجامی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بەرامبەر بە شۆڕشی ئەیلوول بە رێبەرایەتی بارزانی، حکومەت ناچاربوو داوای دانوستاندن بکات، لە 11ی ئازاری هەمان ساڵیش رێککەوتننامەی 11ی ئازار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەت ئەنجامدرا، کە تێیدا دان بە مافەکانی گەلی کورد نران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان قبووڵکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 4 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەکە حکومەتی بەعس لە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کورد پاشگەزبووەوە و هەوڵی تیرۆرکردنی رێبەری شۆڕشی کورد مستەفا بارزانی دا، دوای ئەوەش جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان کورد و رژێمی بەعس سەریهەڵدایەوە.

بەهۆی بێتوانایی سوپای ئەو کاتەی عێراق بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شکستە یەک لەدواییەکەکانی، حکومەتی بەعس ناچاربوو سەر بۆ داواکانی ئێران دانەوێنێت و رێکبکەون لەسەر داخستنی هەموو رێگاکان بەسەر شۆڕش و لە ئەنجامیش سەرکردایەتی شۆڕش بۆ پاراستنی گیان و سەر و ماڵی کوردستانیان، کۆتایی بەشۆڕش بهێنێت.

بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و  ئیدریس بارزانی جارێکی دیکە پارتی خەباتی چەکداری لەژێر ناوی شۆڕشی گوڵان دەستپێکردەوە، لە ساڵی 1979 دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی،  سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.

پارتی رۆڵێكی بەرچاوی لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیی هەبووە، کە بووە سەرەتاییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتکی نوی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان و لەئەنجام راپەڕینی بەهاری 1991 لێهاتە بەرهەم.

لەنێوان ساڵانی 1946 بۆ 2011 پارتی 13 كۆنگرەی بەستووە، کە  چواریان لە بەغدا و چواریان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و دوانیشیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، هەروەها سێ کۆنگرەی دیکەی لە هەولێر بەستووە.

لە ساڵی 2017 سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم سەربەخۆیی کوردستان دەرکرد، پارتیش بە فراوانی پشتیوانی لەو پرۆسەیە کرد و بەشداری کارایان لە هەڵمەتەکان و رۆژیی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول دا کرد، کە زیاتر لە 93%ی کوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.

بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، کوردستان رووبەڕووی هێرشێکی ستەمکارانە بووەوە، لە ئەنجامدا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان داگیرکران، پێشمەرگەی کوردستان لە پردێ و سحێلا رووبەڕووی هێرشکاران بوونەوە و توانیان بە خۆنەچەماندنیان هێرشەکە بووەستێنن.

دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریش جارێکی دیکە پارتی سەرکردایەتی کرانەوەی کوردستانی بەرووی جیهان کرد و توانی رای گشتی جیهانی بجووڵێنێت و ئەو گەمارۆیانە هەڵبگرێت، کە لەلایەن حکومەتی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خرابوونە سەر کوردستان و هەوڵیان بۆ سڕینەوەی قەوارەی سیاسی باشووری کوردستان دەدا و جارێکی دیکە توانی رابەرایەتی هەڵسانەوە و هەنگاونان بەرەو پێشەوە بکات.