لە ئەمەریكا ھەڵسەنگاندنی جیاواز بۆ پلانەكەی ترەمپ دەكرێت

"دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە"
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا رێککەوتنی سەدەی راگەیاند و ئۆرشەلیمـی وەک پایتەختی ئیسرائیل دیاریکرد، پلانی ئاشتی لە ئەمەریکا کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوەتەوە. بەشێک لە شارەزایانی سیاسی بە گومانەوە باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەکەن و پێیان وایە دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە و بەو زووانە رێك ناكەون.

پلانی سەدە وەکو نەخشەی پێشنیازکروای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەوڵەتی فەڵەستین خرایە روو، ترەمپ رایگەیاند کار لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن لە کاتێکی گونجاودا بەو مەرجەی قبووڵی بکەن قودسی رۆژھەڵات ببێتە پایتەختی فەڵەستینییەکان، بەڵێنیش دەدات بە دانانی توونێلێک لەنێوان کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، ھەموو خاکی فەلەستین پێکەوە ببەستێتەوە.

لە پلانە نوێکەی سەرۆکی ئەمەریکادا ئۆرشەلیم (قودس) وەک پایتەختی ئیسرائیل ناسێندراوە، ئەمەش کاردانەوەی مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستینی لێکەوتەوە و رایگەیاند قودس بۆ فرۆشتن نییە.

لەوبارەوە پیتەر ھۆمفری، دپلۆماتكاری پێشووی ئەمەریكا بە كوردستان24ی گوت: "پێم وایە کێشەکان گەورەتردەبن. ناکۆکیەیکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر گەورەتر لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. لە مێژە خەڵک لە گوماندایە کە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین چارەسەر دەبێ. بەڵام بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترەو دۆخەکە وەکوو قەیرانی نێوان شیعە و سوننە وایە، کە بۆ ھەمیشە یەکتر دەکوژن و رێك ناكەون".

روانگەیەکی دیکە بە ئەرێنی باسی پلانی ئاشتی دەکات و دەڵێت قبوڵکردنی رێککەوتنی سەدە لە لایەن فەڵەستینییەکان دواجار لەبەرژەوەندی ئەوان دەشکێتەوە. ئەو بەرنامە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کێشەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، کە ئەمە لە قازانجی گەلانی ناوچەکە و لە نێویاندا کوردیشە.

لێكۆڵەر دەیڤد پۆلاک، دەڵێ: "سنوورەکان بە گشتیی ناگۆڕدرێن و ئیسرائیل درێژە بە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی لەگەڵ ئۆردەن دەدات. بەڵام بارودۆخی سیاسیی کەنارەی رۆژئاڤا (westbank)، بەرەو گۆڕان دەچێ و بۆ فەلەستینییەکان باشتر دەبێ ئەگەر ئەم پلانە قبووڵ  بکەن. بەڵام ئەم پرسە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد نابێ و پێم وایە ئەگەر رەوتەکە یارمەتی بە خولقاندنی ئاشتی بکات لە ناوچەکە و ناکۆکی ئیسرائیل و جیرانەکانی کەمتر بکاتەوەو دەرفەتی قەرەبووی پتر بۆ ئەمەریکا بخولقێنێ، کۆی ئەمانە پێکەوە بە قازانجی کورد تەواو دەبن ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت".

لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا پلانی ئاشتی بە دوایین دەرفەت بۆ گەیشتنی فەڵەستین بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دادەنێت، بەڵام پێدەچێت دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و ھەبوونی میلشیا جیاوازەکان کە گرێدراوی وڵاتانی جۆربەجۆرن لێ نەگەڕن  تەنانەت لە ئەگەری نەرمی نواندنی دەسەڵاتدارانی فەڵەستینیش، رێککەوتنەکە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت و ئەو وڵاتە ببێتە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەقامگیر ئەمەش وادەکات گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی پایەدار، کە بەرھەمی قبووڵ کردنی جیاوازییەکان و دابەش کردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و داھات بێ، لە کورت ماوەدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەستەم بێت.

ھ.م