سوپای پاسداران: حەشدی شەعبی شکستی بە پلانەکانی ئەمەریکا لە عێراق هێناوە

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران ستایشی رۆڵی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

K24 – هه‌ولێر:

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران ستایشی رۆڵی حەشدی شەعبی لە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سووریا و یەمەن دەکات.

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران پێی وایە، حەشدی شەعبی توانیویەتی رێگری لە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکات؛ ئاماژە بەوەشدەدات، رێگەنادەن ئەمەریکا بە ئارەزووی خۆی سیاسەتەکانی لەناوچەکە جێبەجێبکات.

حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای دەکات، ئێران پشتیوانی لە هەریەک لە حزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکان یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات.

بە بڕوای ئەو، پێکهێنانی ئەو هێزانە کاریگەری نەرێنی لەسەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە دروستکردووە و رێگربووە  لە جێبەجێکردنی پلانەکانیان.

حوسێن سەلامی لەبارەی چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی و رۆڵیان لە سووریا رایگەیاندووە، حزبوڵڵای لوبنان توانیویەتی دەسکەوتی باش بەدەستبهێنێت و بەسەر ئیسرائیلدا سەرکەوتووبێت.

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران دەشڵێت، هاوشێوەی سووریا، حوسییەکانی یەمەن توانیویانە بەسەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە سەرکەوتووبن.

هەروەها گوتوویەتی، سیاسەتەکانی واشنتن بووەتە هۆکاری بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە ناوچەکە دژ بەو وڵاتە.

هەرچی لەبارەی حەشدی شەعبیشە، حوسێن سەلامی ستایشی حەشدی کردوو و جەختیکردەوە، بوونی ئەو هێزە بووەتە هۆکارێک بۆ شکستپێهێنانی پلانەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن رایگەیاندبوو، ئەوان پشتگیری لە هیچ لایەک ناکەن و کار بۆ گەمارۆدانی کێشەکانی ناوچەکە دەکەن. هەروەها جەختیکردبووەوە، رێگەنادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

 H.J