حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئه‌مڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی سازکرد و تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان به گشتى و بەتايبەتى مووچەخۆران و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی شەهیدانی کرد کە لە ساڵانی رابردوو شانیان دایە بەر بەرگریی کردن و پاراستنی سەروەری هەرێمی کوردستان و قارەمانانە بەڕووی هەموو سەختی و ناخۆشی و قەيران و ئابڵوقەکان وەستانەوە، بەڵینیشیدا کە درێغی نەکەن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی.

هەر لەکۆبونەوەکەدا، دوای روونکردنەوەی كارەكانى دەستبەکاربوونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژدا دابرێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت وبخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەر لەوکۆبونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: "سبەینێ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغد ا له چوارچێوەى دەستوور".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزيران چەند بڕیارێکی گرنگى لەبارەی دەوامی وەزیرەکان و خاوەن وەزيفه باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی رۆتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو داموودەزگاکانی حکوومەت خستەڕوو، دواتر بەکۆی د ەنگ په سەندكران.

دەقی بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: دەبێت رۆتین لەداموودەزگاکانی حکوومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکوومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت وپێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکوومەتدا.

پێنجەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.

 H.J