قاعيده ده‌ستى به‌سه‌ر پارێزگاى ئيدلبدا گرت
K24 – هه‌ولێر:
دواى 9 رۆژ له شه‌ڕى دژ به گرووپه چه‌كدارييه‌كانى سه‌ر به توركيا، "هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام"، (به‌ره‌ى نووسره/ باڵى رێكخراوى قاعيده له سووريا(، توانى ده‌ست به‌سه‌ر پارێزگاى ئيدلب له باكوورى سووريادا بگرێت.
دوێنێ پێنجشه‌ممه لايه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كانى ريزى به‌رهه‌ڵستكارانى سووريا، دواى 9 رۆژ له شه‌ڕوپێكدادانيان گه‌يشتنه رێككه‌وتن.
به گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه، هه‌موو ناوچه‌كانى سنوورى پارێزگاى ئيدلب، ده‌كه‌ونه ژێر ده‌سه‌ڵاتى "حكومه‌تى رزگارى"، كه به‌ره‌ى نووسره‌ى جاران پێكيهێناوه.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا، "هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام رايگه‌ياند، له‌گه‌ڵ "به‌ره‌ى وه‌ته‌نى بۆ ته‌حرير "(گرووپه‌كانى سه‌ر به توركيا) گه‌يشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ راده‌ستكردنى سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى سنوورى پارێزگاى ئيدلب.
روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رايگه‌ياند، هێزه‌كانى به‌ره‌ى نووسره گه‌يشتوونه‌ته نزيكى سه‌نگه‌ره‌كانى سوپاى حكومه‌تى سووريا.
پرسيارى سه‌ره‌كى سه‌باره‌ت به چاره‌نووسى ئه‌و رێككه‌وتنه هاتووه‌ته ئاراوه، كه له ئه‌يلوولى رابردوو، له نێوان توركيا و رووسيا واژوو كرابوو.
به گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه، سنوورى پارێزگاى ئيدلب، ناوچه‌ى نيمچه ئارامه و له ژێر هه‌ژموونى توركيادا بوو.
هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام، نه‌ك ته‌نيا ئيدلب، به‌ڵكو ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى حه‌له‌ب و حه‌مما و لازقييه‌شى كۆنترۆڵ كردووه.
ئيدلب ده‌كه‌وێته ئه‌و په‌ڕى باكوورى خۆرئاواى سووريا و ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و گرووپه و ميليشيا چه‌كدارييانه بوو، كه توركيا پشتيوانى لێده‌كردن و پڕ چه‌كى ده‌كردن.
سه‌رچاوه: عربي بوست
ئ.ر