شێرپەنجە ھەڕەشە له‌ كه‌ركووكییه‌كان ده‌كات

كەمپینێك راگەیەندرا
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لە ماوەی دوو ساڵدا لە کەرکووک زیاتر لە هەزار و 500 کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوونە و رێژەکەش بەردەوام رووی لە زیادبوونە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوانیش بە نەخۆشیی شێرپەنجە لەو شارەدا، بوونی کێڵگە نەوتییەکانە، که بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە.

بەرهەمی رۆژانەی نەوتی کەرکووک، ئێستا زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوتە، کۆمپانیا نەوتییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگە.

رێژەی تووشبون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری کەرکووک بە شێوەیەک زیادی کردووە، کە ژمارەکان مرۆڤ رادەچڵەکێنن. لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی كەركووك، کە تایبەتە بەو نەخۆشییە، دوو ساڵ پێش ئێستا 167 نەخۆش هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە ھەزار و 500 نەخۆشی لێیە.

نەخۆشخانە تایبەتەکەی شێرپەنجەش کێشەی کەمیی دەرزی و داودەرمانی هەیە، حکوومەتی عێراق 52% دەرمانەکانی دابین دەکات، ئەمەش وای کردووە کەمپینێک رابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی هاوکاریی ئەو نەخۆشخانەیە بکەن.

ھ.م