7 منداڵه جومكه‌كه‌ی دیاله مردن
K24- هه‌ولێر:
ئه‌و 7 منداڵه جومكانه‌ی به‌ر له هه‌فته‌یه‌ك له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی پارێزگای دیاله له‌دایكبوون، كه له 6 كچ و كوڕێك پێكهاتبوون، ئه‌مڕۆ هه‌واڵی مردنیان له لایه‌ن باوكیانه‌وه راگه‌یه‌ندرا.
له پۆستێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، حه‌مزه ئه‌لموسنی، باوكی ئه‌و 7 منداڵه‌ی به‌ر له هه‌فته‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌ی به‌تولی پارێزگای دیاله له‌دایكبوون، هه‌واڵی مردنی سه‌رجه‌م كۆرپه‌كانی راگه‌یاند.
له پۆسته‌كه‌یدا موسنی به چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كاریگه‌ر و ویژدانهه‌ژێن نووسیویه‌تی: "ئێمه مرۆڤین و له خۆڵ درووستكراوین، زیانپێگه‌یشتن ئازارمان ده‌دات و دڕكێكی بچو‌وكیش بریندارمان ده‌كات، خودا ناچارمان ده‌كات و منداڵه‌كانم گه‌ڕانه‌وه به‌ر ره‌حمه‌تی خودا".
به‌ر له هه‌فته‌یه‌ك، په‌یامنێری كوردستان 24 راپۆرتێكی له‌باره‌ی له‌دایكبوونی ئه‌و 7 منداڵه جومكه‌ی له دیاله ئاماده كرد و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه خه‌ڵكێكی زۆری دڵخۆشكرد و هیوای ته‌مه‌ندرێژییان بۆ منداڵه تازه له‌دایكبووه‌كان خواست، به‌ڵام پێده‌چێت چاره‌نووسی ئه‌و منداڵانه به‌ر له نزاكانی خه‌ڵك دیاریكرابێت و ته‌نیا 7 رۆژ ژیانیان بۆ بڕابووه‌وه.
H.B