میلانیا باس لە تۆمەتە سێکسییەکانی سەر ترەمپ دەکات

ئایا هێشتا ترەمپی خۆشدەوێت؟

K24 – هه‌ولێر:

میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمەریکا، رەتیدەکاتەوە تۆمەتە سێکسییەکانی سەر هاوسەرەکەی جێی بایەخی ئەو بێت، بەڵکو ئەو وەک خانمی یەکەم  و دایکێک "کاری گرنگتر"ی هەیە کە بیریان لێبکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی، میلانیای هاوسەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی تۆمەتە سێکسییەکانی سەر هاوسەرەکەی گووتی: "دەزانم کە میدیا دەیەوێت هاوسەرگیری ئێمە بخەمڵێنێت بەڵام من کارگەلێکی گرنگترم هەیە کە بیری لێ بکەمەوە".

لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو تۆمەتانەی سەر هاوسەرەکەی ئازاری دەدەن، میلانیا دەڵێت: "ئەوە شتێک نییە دڵم پێی خۆشبێت، بێ گومان من دەزانم چی راستە و چی هەڵەیە".

کاتێکیش لە خانمی یەکەمیان پرسی کە ئایا ئەو ترەمپی خۆش دەوێت، میلانیا گووتی: "بەڵێ، ئێمە باشیین، ئەوەی میدیا باسی دەکات تەنها دەنگۆیە، هەموو کات ئەو دەنگۆیانە راست نین".

ئەگەر چی تاکو ئێستا دوو ئافرەت کە یەکێکیان پۆڕن ستار و ئەو دیکەیان نمایشکارە، چەند تۆمەتێکی سێکسییان خستۆتە پاڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام میلانیا کە ماوەی 13 ساڵە هاوسەری ترەمپە، هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

H.J