لیستە عەرەبەكان شەقامەكانی سلێمانی كۆنترۆڵ دەكەن

لیستە كوردستانییەكان ناتوانن لە كەركووك بە ئازادی بانگەشە بكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان جیاوازە، بەجۆرێك کە ھەندێك لیستی عەرەبی عێراقی بەوپەڕی ئازادییەوە بانگەشەی خۆیان دەکەن و بارەگاشیان لە چەند شارێكی كوردستان کردووەتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییە ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ ھەموو کەس و لایەنێك کراوەیە، بەڵام پێچەوانەی ئەمە لە کەرکووك و ناوچە داگیرکراوەکاندا تەنانەت رێگە نادرێت ئاڵای کوردستانیش ھەڵبکرێت.

حەیدەر عەبادی، لەماوەی دەسەڵاتیدا وێنەیەکی جوانی دەسەڵاتەکەی لای تاکی کورد بەجێنەھێشتووە، بەڵام ئێستا لەگەڵ دەسپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بە چەندین وێنەی گەورەو بچووك بارەگای لیستەكەی و شەقامەكانی سلێمانی داپۆشیووە، ئەمە لەکاتێکدایە کورد ناتوانێت لەو ناوچانەی داگیرکراون، ھاوشێوەی ئەو لیستە عەرەبیە عێراقیانە بانگەشە بکەن، وتەبێژی ھاوپەیمانی نەسڕی سەر بە عەبادی دەڵێت، لە ھەرێمی کوردستان ھیچ رێگرییەکیان لێنە کراوە بۆ سەرجەم کارەکانیان، ھاوکات بە پێویستی دەزانێت لەو ناوچانەی کە حکوومەتی بەغدا تیایدا باڵادەستە ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان ئازادی تەواو فەراھەم بکات بێ جیاوازی.

ئیبراھیم رەشید، وتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ نەسڕ، كە لیستەكەی حەیدەر عەبادییە بە كوردستان24 راگەیاند: "ھیوادارین حكوومەتی عێراقیش بە ھەمانشێوەی ھەرێمی كوردستان، وەك چۆن ئێمە بە ئازادی خۆمان ھەڵبژاردووە و بانگەشە دەكەین و ھیچ گرفتێكمان نییە، كوردەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان بتوانن بە ئازادی خۆیان ھەڵبژێرن و بانگەشە بكەن".

لە رووی دیموکراسیەوە دروستە کە ھەرلیستێك بانگەشە بۆ خۆی بکات، بەڵام لە رووی نەتەوەییەوە پێویستی بە ھەڵوێست وەرگرتنە، کە بۆچی کوردێك لە نێو ئەو ھەموو لیستە کوردییەدا خۆی نابینێتەوەو دەچێت لە لیستێکی عەرەبی خۆی کاندید دەکات، ھاوکات دەرخەری ئەو راستیەشە کوردستان لە رووی ئازادیەوە لە بەغدا پێشکەوتوترە.

لەوبارەوە دانا جەزا، کارگێڕی لقی 4 پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە ھەرێمی كوردستان، نەك ھەر لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەڵكو لە ھەموو پرۆسەكانی دیكەش ئازادی زۆر ھەیە، چەند ساڵێكە خەڵكی عەرەب و بیانی لە شارەكانی كوردستان كاردەكەن تا ئێستا ھیچ گرفتێكیان بۆ دروست نەكراوە".

ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوونی ئەم حاڵەتە نوێیە لە کوردستان، بۆ ناتەبایی ھێزو لایەنە سیاسیە کوردییەکان دەگێڕێتەوە، ھاوکات بە پێویستی دەزانێت کورد وەك چۆن بە درێژای مێژوو ئاشتیخواز بووە ھەروا بمێنێتەوەو چاو لە بەغدا نەکات.

ماردین کەریم، ھاودید لە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 گوت: "كورد لەوەتەی ھەیە ئاشتیخوازە و مافی ھەموو چین و توێژ و قەوارەكانی داوە، ھەم لە پێش ھەڵبژاردنەكان و ھەمیش دوای ھەڵبژاردنەكان، چەندین نەتەوە و ئاینی دیكە لە كوردستان ھەن تا ئێستا كەس رێگری لێ نەكردوون، خۆزگە ئەوەی لە كوردستان ھەیە لە سەرتاسەری عێراق ھەبووایە".

ئێستا لە پارێزگای سلێمانی دوو لیستی عەرەبی عێراقی بارەگایان كردووەتەوە و بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق چەند کاندیدێکیان ھەیە له‌وانه‌ هاوپه‌یمانی نه‌سڕ کە عەبادی سەرۆکایەتی دەکات 9 کاندیدی ھەیە، تەنیا یەکێکیان عەرەبە و هه‌شته‌كه‌ی دیكە کوردن، رەوتی حیکمەش کە عەممار حەکیم، سەرۆکایەتی دەکات 13 کاندیدیان ھەیە و سەرجەمیان کوردن.

ھ.م