وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی روونكردنه‌وه له باره‌ی "كێكه توركییه‌كه" ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
بەڕێوبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستیی هه‌ولێر، روونكردنه‌وه‌یه‌ك له باره‌ی ئه‌و "كێكه توركییه" بڵاو ده‌كاته‌وه، كه گوایه "حه‌بی ئیفلیجبوونی تێدایه".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر له‌سه‌ر په‌یجی فه‌رمیی خۆی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، لەسەر فەرمانی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێم، تیمەكانی كاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ ئه‌و جۆره كێكه كردووه، كه له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت "حه‌بی" تێدایه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری ته‌ندروستیدا ئاماژه به‌وه كراوه، پاش ئەوەی چەندین نموونەی جۆراو جۆری لێ وەرگیرا، روون بووەوە كە ئه‌و جۆره كێكه، هیچ جۆرە حەبێكی تێدا نییە.
د. سەرهەنگ جەلال، بەڕێوبەری كاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، ده‌ڵێت: "نموونەی ئەو كێكەمان ناردووە بۆ تاقیگە تاكوو پشكنینی تەواوی تاقیگەیی بۆ بكرێت، هاوكات ئەو جۆرە كێكە بەر لە مانگێك لەلایەن تیمەكانی بەڕێوبەرایەتیمان لە چوارچێوەی كاری ڕۆژانەی خۆماندا، پشكنینمان بۆ كردبوو. هاووڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە زووترین كات لە ئەنجامی پشكنینەكە ئاگاداریان دەكەینەوە".
پشتر گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له باره‌ی ئه‌و كێكه بڵاو كرایه‌وه، گوایه هه‌ر دانه‌یه‌ك له‌و جۆره كێكانه، ژماره‌یه‌ك حه‌بی تێدایه، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری ته‌ندروستی رایگه‌یاند، له پشكنینی سه‌ره‌تایی هیچ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و نموونه‌ی كێكه‌كه‌ش ره‌وانه‌ی تاقیگه كراوه.
ئ. م