عێراق: هه‌ڵدانی مووشه‌ك به ئاراسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵێكه بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ
K24- هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی هێزه عێراقییه‌كان له‌باره‌ی هه‌ڵدانی ئه‌و مووشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو ئاراسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كرا رایگه‌یاند، ئه‌و لایه‌نه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه، گرژییه‌كانی نێوان واشنتن و تارانی قۆستووه‌ته‌وه بۆ تێكه‌ڵكردنی په‌ڕاوه‌كان, به هه‌وڵێك بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ناوده‌بات، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له عێراق له‌وپه‌ڕی ئاسایشدان.
یه‌حیا ره‌سول، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رووی قسه‌كانی له نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسییه‌كان له عێراق كرد و گوتی: "دڵنیا بن كه ئاسایشی ئێوه پارێزراوه و هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌توانن ئه‌ركی پاراستنی سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تی و كۆمپانیا بیانییه‌كان له ئه‌ستۆ بگرن".
ره‌سول گوتی: "ئێمه وه‌ك هێزی ئه‌منی و سه‌ربازی، شه‌و و رۆژ له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی نوێنه‌رایه‌تی و كۆمپانیاكان له ئه‌ركداین، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام كار بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و خاكی عێراق ده‌كه‌ین".
وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش له ناوچه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه دا، "راسته گرژییه‌كی زۆر له نێوان واشنتن و تاران‌دا هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا چه‌ند نامه و په‌یامێكی ئه‌رێنیش ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن، كه ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئاماده‌یی بۆ لێكتێگه‌یشتن و دانیشتن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ".
ئاشكراشیكرد، "هه‌وڵێك بۆ تێكه‌ڵكردنی په‌ڕاوه‌كان له ئارادایه، هه‌روه‌ك چۆن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته شه‌وی رابردوو مووشه‌كێكی كاتیۆشا ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كرا، له راستیدا ئه‌مه هه‌وڵێكه بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران".
یه‌حیا ره‌سول دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌و جه‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێك نییه، نه ئه‌مه‌ریكا و نه ئێران و نه عێراقیش"، روونیشیكرده‌وه، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام، دیپلۆماسیه‌ت ده‌توانێت به چاره‌سه‌ر و ئه‌نجامی ئه‌رێنی بگات، هیوادارین دۆخه‌كه له‌مه ئاڵۆزتر نه‌بێت و بگاته قۆناغی جه‌نگ".
سه‌رچاوه: سپۆتنیك
H.B