لە سلێمانی ھەڵمەتێك بۆ پاراستنی سرووشتی ئەزمەڕ و گۆیژە رێكدەخرێت
K24 - سلێمانی
بە ئامانجی پاراستنی سرووشت و پاکڕاگرتنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە ھەزار كەس چەند کۆمپانیایەک ھەستان بە ھەڵمەتی پاکردنەوەی شاخی ئەزمەڕ و بناری گۆیژە.
سرووشتی کوردستان چەندین شوێنی سەرنجڕاکیش جوانی بۆ بەسەربردنی کاتەكانی پشووی گەشتیاران ھەیە، بەڵام زۆرجار ئەو سرووشتە پیس دەكرێت و دەشێوێنرێت، بەھۆی فڕێدانی چەندین پاشماوەی زیانبەخشی وەک بوتڵی شووشە و پلاستیک، کە بەسەدان ساڵی دەوێت بۆ شیبونەوە، لە پاڵ ئەوەشدا کەسانێک ھەن دۆستی ژینگە و خەمخۆری سرووشتی کوردستانن و ئامانجی کارەکانیان بە کولتوورکردنی پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگەیە.
لە درێژەی ھەڵمەتی 10 ھەفتەیی بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان لە پاراستنی ژینگە و دیاریکردنی گرفتەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بە ھەزاران ئەندام و بەشداربووی کۆمپانیایەک خۆبەخشانە ھەستان بە پاکردنەوەی چیای گۆیژە و ئەزمەر، وەک ئەرکێکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی بۆ ژینگەی کوردستان.
ھ.م