هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له بڕیاره‌كانی عه‌بادی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "پێشوازی له بڕیاری كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌كه‌ین كه ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند و گووتی: هیوادارین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه و مووچه‌ش پشت به ده‌ستوور ببه‌سترێت".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13/3/2018 له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا و له وه‌ڵامی رۆژنامه‌وانان، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كان و ره‌تكرده‌وه‌ی بودجه له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه رایگه‌یاند، به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كان به گوێره‌ی ده‌ستوور روونه كه ده‌بێت چی بكرێت و هه‌ندێك پرسی ته‌كنیكی و هونه‌ریی هه‌ن، له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستووره ده‌بێت كه له عێراقدا هه‌یه، له باره‌ی ورده‌كارییه‌كانیش وه‌زیری ناوخۆى به‌غدا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و به گوێره‌ی كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌كان نێوان ئێمه‌ش، فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌كرێنه‌وه.
سه‌باره‌ت به بودجه‌ش، روونی كرده‌وه، هه‌موو لایه‌ك و به‌غداش ده‌زانێت هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان زۆر نیگه‌رانن له‌و پرۆژه یاسایه و داواكاری هاووڵاتییانی هه‌رێم و حكوومه‌ت به هه‌ند وه‌رنه‌گیراون و هیوادارن ره‌چاوی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكرێت.
نێچیرڤان بارزانی له باره‌ی ناردنی مووچه‌وه‌ش، رایگه‌یاند، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا دوێنێ شه‌و, سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێی راگه‌یاندووه، فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌كرێنه‌وه و كێشه‌ی مووچه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و هه‌ندێك له‌و مووچه‌یه ده‌نێرێت، هیواداریشن هه‌ردوو پرسه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێـن.
له باره‌ی كێشه‌كانی دیكه‌ش، رایگه‌یاند، ئه‌وه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه و گرنگه به ئاراسته‌یه‌كی راست و ده‌ستپێكه، هه‌موو شتێك له یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه ده‌ستپێده‌كات، پرسی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ناردنی هه‌ندێك بوودجه، هه‌ردووكیان پرسی گرنگن و جێگه‌ی سوپاس و ده‌ستخۆشییه بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌و رووحیه‌ته‌وه ده‌توانین هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند، تا ئێستا روون نییه ئه‌و مووچه‌یه‌ی ده‌ینێرن به چ شێوازێك ده‌بێت، ئه‌و لێژنانه‌ى له به‌غدا هاتوون وردبینی بكه‌ن، له وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندرووستی و په‌روه‌رده كارى خۆیان كردووه، ره‌زامه‌ندی هه‌یه كه مووچه‌كه د‌ێت، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كانی دیار نییه، ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وانیش خه‌ڵكی لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌باره‌ت به پرۆژه یاسای چاكسازی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم روونیكرده‌وه، هه‌مووان ده‌زانن هه‌موو فراكسیۆنه‌كان كارییان له‌سه‌ر كرد، به‌و هیوایه‌ن ئه‌و پرۆژه‌یه وه‌كو ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم داوای كردووه په‌سه‌ند بكرێت و بخرێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كان، له وه‌ڵامی په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، پرسیاره‌كه ته‌كنیكیكه‌وه ده‌بێت له فڕۆكه‌خانه بپرسرێت، هه‌روه‌ها روونی كرده‌وه، سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌م و بڕیار به‌ده‌ست ئه‌و بووه بۆ جێبه‌جێكردنی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان.
نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌س فڕۆكه‌خانه و بودجه نییه و شتی دیكه‌ش هه‌یه، سرووشتی عێراق وایه، رووانگه‌یه‌كی روون نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌با ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ده‌ما، به بۆچوونی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێستا ده‌ستیان پێكراوه، كه‌م نین و گرنگن، هیواداریشن دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان بگه‌نه چاره‌سه‌ری دیكه بۆ ته‌واوی پرسه‌كان.
سه‌باره‌ت به پرسی پرۆژه یاسایی بودجه‌ی 2018ی عێراقیش، رایگه‌یاند، گومان له‌وه‌دا نییه، سته‌مێكی زۆر له هه‌رێمی كوردستان كراوه، به‌داخه‌وه زۆر به ئه‌نقه‌ست ئه‌و ئیشه كراوه، ناكرێت هه‌ڵسوكه‌وتی له‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌رێمێك بكرێت له چوارچێوه‌ی عێراق و ده‌بێت مافی هه‌رێمی كوردستانیش بدرێت، به‌داخه‌وه له یاسای بودجه به هیچ شێوه‌یه‌ك مافی هه‌رێمی كوردستان ره‌چاو نه‌كراوه و زۆر له‌وه كه‌متره كه به‌شی هه‌رێمه، خۆشحاڵیشین كه سه‌رۆك كۆمار پرۆژه‌كه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه و هیوادارن ته‌واوی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و ره‌چاوی مافی هه‌رێم بكه‌ن و چاره‌سه‌ری یاسایی ببیننه‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌ماهه‌نگی له پرسی ئه‌منیدا، سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش، كێشه‌ی زۆرمان بۆ درووست بووه، هه‌ماهه‌نگی زۆر له نێوان ئێمه و به‌غدا هه‌یه و تیرۆریستانمان راده‌ستی به‌غدا كردووه‌ته‌وه، تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كان، وه‌ك كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، كریستیان، هه‌ماهه‌نگیشیمان له بواری ئه‌منی له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتریش ده‌بێت.
له باره‌ی تیرۆركردنی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، به فه‌رمی ناتوانن هیچ لایه‌نێك تۆمه‌تبار بكه‌ن، تا لێكۆڵینه‌وه نه‌كرێت و ته‌واو نه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك سیاسه‌ت و دیسپلین هه‌موو كارێكی تیرۆریستی ئیدانه ده‌كه‌ن.
له باره‌ی دابه‌شكردنی ئه‌و مووچه‌یه‌ی له به‌غداوه د‌ێت، به سیسته‌می پاشه‌كه‌وت ده‌بێت یان نا. رایگه‌یاند، گرنگ ئه‌وه‌یه بزانن ئه‌وان چۆن ده‌ینێرن، با به‌دیار بكه‌وێت بڕه‌كه‌ی چه‌نده، ئینجا بڕیار ده‌ده‌ن چۆن ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش رایگه‌یاند، ده‌ستوور ئه‌وه‌ی دیاریكردووه، ئه‌و ناوچانه‌ى "جێناكۆكن" هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌مێننه‌وه تا به رێككاری ده‌ستووری كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، جا ئه‌و شوێنانه له‌ده‌ست هه‌ر لایه‌نێك بێت، هه‌رێم یان به‌غدا، به‌و شێوه‌یه ده‌مێننه‌وه، چاره‌سه‌ریش له ده‌ستووردا دیاریكراوه، ده‌بێت ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت تا چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێن، ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غداش قسه‌مان كردووه، پێشبینیش ناكه‌ین به مانگێك و دوومانگ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌نگاو به هه‌نگاو ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ين.
دووپاتیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه، كه ده‌یه‌وێت ته‌واوی كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام واباشتره هه‌ردوولا به یه‌كه‌وه ئیداره‌ی مه‌له‌فی ئه‌و ناوچانه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌متر بێنه‌پێشه‌وه.
سه‌باره‌ت به دۆخی دارایی مووچه‌خۆران، دووپاتیكرده‌وه، مووچه‌خۆران له بارێكی سه‌ختی داراییدان و چاره‌سه‌ركردنی پرسی مووچه، له پێشینه‌ی كاره‌كانییاندا ده‌بێت، تا مووچه‌ش نه‌یه‌ت ئه‌وان نازانن به چ شێوازێك دابه‌شی ده‌كه‌ن.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌و ئارامی و به‌رگرییه‌ی مووچه‌خۆران هه‌یانه، به هیچ وشه‌یه‌ك وه‌سف ناكرێت و سوپاسيان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستكردنه به به‌رپرسیارێتی له ئاست دۆخه‌كه.
له باره‌ی پاراستنی گیانی په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، ئه‌ركی حكوومه‌ته گیانی په‌نابه‌ران بپارێزێت و هه‌موو هه‌وڵێكیش بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن و ئه‌وه پره‌نسیپه و درێغیش ناكه‌ن، ئه‌وانه‌ی له هه‌رێم په‌نابه‌رن، ئێره ماڵی خۆیانه و هه‌وڵیشیان بۆ پاراستنی به‌رده‌وام ده‌بن.
روونیشی كرده‌وه، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه، ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانی دیاریكردووه، هه‌رێمیش جه‌خت له‌و مافه ده‌ستوورییانه ده‌كاته‌وه كه هه‌ن، ده‌ستووره‌كه‌ش گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه و به گوێره‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات.
له باره‌ی كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی كه‌ركووكیش، سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی لایه‌نی عێراقی ده‌كه‌ن، وه‌ك پێیانڕاگه‌یه‌ندراوه، هه‌ندێك رێكاری سه‌ربازی هه‌یه تا جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، به‌ڵام لای هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه.