داعش لە ناوچە كوردستانییەكان دەبێتەوە ھەڕەشە
K24 - گەرمیان
ھەڕەشەكانی داعش لە چیاكانی سنووری كفری و خورماتوو، مەترسیان لای ھاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دروست كردووە. بەڕێوەبەری شارهدێی زنانەی سەر بە قەزای كفری رایدەگەیەنێت، چەكدارانی داعش بەردەوام ھاتووچۆ بەرەو ناوچەكانی حەمرین و دیالە دەكەن. ھۆكارەكەش بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگهڕێتهوه.
جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی سەر بەقەزای كفری بە كوردستان24ی گوت: "لە ناوچەكانی سلێمان بەگ بەرەو حەمرین، رێگە لەبەردەم چەكدارانی داعش كراوەیە و بەردەوام ھاتووچۆ دەكەن".
گوتیشی: "ماوەیەك لەمەوبەر چەكدارانی داعش ھاتوونەتە ناوچەكە و دەوروبەری بنكەكانی خۆیان مینڕێژ كردووە. پێشتر ژمارهی پێشمەرگە لەم ناوچەیە كەم بوو، بەڵام ئێستا ھێزێكی زۆری پێشمەرگە لە ناوچەكەمانە بۆ پاراستنی سەرو ماڵی ھاووڵاتیان".
مەترسییەکانی داعش لەو ناوچەیە بوونەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە چەند گوندێکی کوردنشین ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، دانیشتوانی ناوچەکەش داوا دەکەن بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکەیان بە تەواوەتی ئاسایی ببێتەوە و ئەو گوندانەی چۆڵیان کردووە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، پێویستییان بە زیادکردنی ھێزی پێشمەرگەیە.
سەختیی ھەڵکەوتەی جوگرافیای زنجیرە چیاکانی نێوان کفری و خورماتوو لەگەڵ ئەو بۆشاییەی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ھەیە، دۆخێکی لەباری بۆ چەکدارانی داعش ڕەخساندووە، تاوەکو ناوچەکە بکەنە پێگەیەک بۆ حەوانەوە و ھاتووچۆکردن لەنێوان کەرکووک و سەلاحەدین و دیالە.
ھ.م