باندێکی دزیکردن لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا

دەستبەسەر چەندین چەکی بێ مۆڵەتدا گیرا

K24 – سلێمانی:

لە شاری سلێمانی باندێکی دزیکردن دەستگیر کران و دەستیش بەسەر چەندین چەکی بێ مۆڵەت و بڕێک ماددەی هۆشبەردا گیرا.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "لەماوەی رۆژانی جەژنی قوربان باندێکی دزیکردن و چەندین تۆمەتبار دەستگیرکراون".

روونیكردەوە: "ئەو باندە پێكھاتبوون لە دوو پیاو و ژنێك، چوونەتە سەر ماڵێك، پێش ئەوەی دزییان لێ بكەن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، گوتیشی: "ھەر لە رۆژانی جەژندا سێ ئۆتۆمبێلی دزراو لە سلێمانی دەستیان بەسەردا گیراوە و یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانە لە كەركووك دزراوە و ھێنراوەتە سلێمانی و لەوێ دەستگیر كراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "باندێكی دیكەی دزیكردن كە عەرەبن لە سلێمانی ھەڵساون بە لێكردنەوە مادەیەك لە ستوونی كارەبا و دەیفرۆشنەوە، ئەو باندەش لەلایەن پۆلیس دەستگیر كراون".

ئاشکراشیکرد: "دەستگیراوە بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر".

H.J