نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاگاداری "ناوچه ئارامه‌كه‌ی توركیا" نییه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ئارام درووست بكرێت، ده‌بێت مه‌ده‌نی بێت و پێیانوایه زۆر قورسه ده‌سته‌به‌ری سه‌لامه‌تی خه‌ڵكی سڤیل له‌و ناوچه‌یه‌دا بكرێت كه به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی توركیا پلانیان بۆ داڕشتووه.
له‌باره‌ی ناونووسین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی به ئارام ناوده‌برێن و ئێستا جه‌نگی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌ندرێ ماهیسیچ، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری په‌نابه‌ران ئێواره‌ی هه‌ینی گووتی: "هیچ زانیارییه‌كی له‌وباره‌یه‌وه نییه كه په‌نابه‌رانی سووریا بگوازرێنه‌وه ئه‌و ناوچانه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "راگه‌یاندنی هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دابڕینراو ده‌بێت به‌گوێره‌ی ده‌سته‌به‌رییه نێوده‌وڵه‌تییه مرۆییه كارپێكراوه‌كان بێت، ده‌بێت ره‌زامه‌ندی حكوومه‌ت و لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كانیشی له‌سه‌ر بێت، ده‌بێت ئه‌و ناوچانه زیاتر مه‌ده‌نی بن، ئه‌گینا زۆر زه‌حمه‌ته بتوانرێت سڤیله‌كان بپارێزرێن".
لای خۆیه‌وه یانس لیركیه، گوته‌بێژی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی گووتی: "ژماره‌ی ئاواره‌كان به‌هۆی جه‌نگ له‌و ناوچه‌یه دووبه‌رامبه‌ر ده‌بێت، دڵنیانین له‌و ناوچه ئارامه‌ی توركیا ده‌یه‌وێت شه‌ڕڤانه كورده‌كانی لێ ده‌ربكات و بۆ ئاواره‌كانی به‌كاربهێنێ".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌وێ ئه‌و شوێنه نییه ئه‌وانه‌ی له بواری مرۆیی كارده‌كه‌ن ده‌ستنیشانیان كردبێت، ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی توركیاوه نه‌خشه‌ی بۆكێشراوه، ئێمه هیچ بڕیارێكمان تێیدا نییه و به‌شدارییمان له نه‌خشه‌سازییه‌كه‌یدا نه‌كردووه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ستیڤان دوژاریك، گوته‌بێژ به‌ناوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دوایین ئاماری ئاواره‌بوونی هاووڵاتیانی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریای راگه‌یاند كه به‌هۆی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌وه ماوه‌ی چوار رۆژه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه ده‌ستیپێكردووه.
گوته‌بێژه‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: "به‌هۆی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریاوه تا ئێستا نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون".
ئه‌وه له كاتێكدایه سه‌رۆك كۆماری توركیا دوێنێ رایگه‌یاند، ئامانجێكی هێرشه‌كه گێڕانه‌وه‌ی 4 ملیۆن ئاواره‌ی سووریایه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه توركیا به ناوچه‌ی ئارام ناوی ده‌بات.
گوته‌بێژی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به راپۆرتی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد بۆ خستنه‌ڕووی ئاماره‌كه و گووتی: "ئۆفیسه‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه كه نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه‌ی كراونه‌ته ئامانجی هێرشه‌كه تا ئێستا ئاواره بوون".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه گووتی: "پێویسته ئۆپراسیۆنه‌كه په‌یوه‌ست بێت به یاسای نێوده‌وڵه‌تی و خه‌ڵكی سڤیل له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا بپارێزرێن".
كۆمیسیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندبوو، راپۆرتیان له‌باره‌ی خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه‌ش ده‌ستكه‌وتووه كه به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه بریندار بوون.
زیادبوونی گومانی به‌رپرسانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر یه‌كێك له ئامانجه‌كانی جه‌نگی توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان له كاتێكدایه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رۆژی هه‌ینی له وتارێكدا گووتی، 4 ملیۆن ئاواره‌ی سووریا ده‌گێڕینه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه به ناوچه‌ی ئارام ناوی ده‌هێنا.