باس لە ئازارە نوێ و کۆنەکانی هەڵەبجە دەکرێت

بەشیر حەداد: تیماری برینەکانی هەڵەبجە لە ئەستۆی ئێمەیە

K24 – هه‌ولێر:

لە یادی كیمیایبارانی شاری هەڵەبجەدا، مەراسیمێک لەو شارە بەڕێوەچوو و تیایدا باس لە ئازارە نوێ و کۆنەکانی پارێزگای هەڵەبجە کرا.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە مەراسیمی یادکردنەوەی كیمیایبارانی شاری هەڵەبجە رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەرزاری هەڵەبجەن و دەبێت ئەو سێ دامەزراوەیە کار بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە و خەڵکی هەڵەبجە بکەن".

مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند: "هێرشی داعش و بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی رێگری لە وەزارەت کرد پڕۆژەکانی بۆ خزمەتی قوربانیان جێبەجێبکات".

دواتریش، د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە مەراسیمەکە گووتی: "ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەو ئەقڵییەتە بسرێتەوە کە باوەڕی بە ئازادی گەلی کوردستان و گەلی عێراق نییە".

راشیگەیاند: "تیماری برینەکانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید ئیدی وەک نوێنەری کورد لە ئەستۆی ئێمەیە".

هەر لە درێژەی مەراسیمەکەدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "نابێت عێراق تەنیا بەڵێن بدات و هیچ کردەوەیەکی بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە نەبێت".

"هێشتا ئەقڵییەتی سزادانی بە کۆمەڵ لە بەغدا هەیە، هێرشی سەربازیی سەر هەرێمی کوردستان و بڕینی بودجە نموونەی ئەو ئەقڵیەتەن".

H.J