گه‌نجێك به چه‌ك كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی گه‌رمیان رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 20ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2019، گه‌نجێك به ناوی (ئه‌حمه‌د ره‌شید عه‌زیز) له‌دایكبووی 1997، كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پۆلیس، دوای رووداوه‌كه، باوكی ئه‌و گه‌نجه به ناوی (ره‌شید عه‌زیز) له‌دایكبوونی 1968، به‌رگه‌ی رووداوه‌كه‌ی نه‌گرتووه و جه‌ڵته لێی داوه و ئه‌ویش گیانی له‌ده‌ست داوه.
موقه‌ده‌م عه‌لی جه‌مال قه‌دووری، گوته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان له باره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی گه‌نجه‌كه رایگه‌یاند، به گوێره‌ی گوته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی، ئه‌و گه‌نجه نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌بووه، ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌ی به‌كاریشی هێناوه، ئێستا له‌لای پۆلیس بۆ لێكۆڵینه‌وه هێڵراوه‌ته‌وه.
له باره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی باوكه‌كه‌ش، كه‌سوكاره‌كه‌یان به پۆلیسی گه‌رمیانیان راگه‌یاندووه، باوكه‌كه وێڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت بوو، نه‌خۆشیی دڵیشی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ زانینی هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی كوڕه‌كه‌ی، به‌رگه‌ی نه‌گرتووه و جه‌ڵته لێی داوه، دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه، گیانی له‌ده‌ست داوه.
پۆلیسی گه‌رمیان لێكۆڵینه‌وه‌ی له هه‌ردوو رووداوه‌كه ده‌ست پێ كردووه و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كردوونه‌ته‌وه.
ئ. م