ئێران: ئەمەریکا هەر جووڵەیەک بکات لەسەری دەدەین

"ئەوەی هاتووەتە پێش هەلێکە بۆ ئێمە"

K24 – هه‌ولێر:

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لەسەر کۆکردنەوەی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەمەریکا هەر جووڵەیەک بکات، لەسەری دەدەین.

ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران پێچەوانە پێشبینییەکان دەڵێت: "فڕۆکەهەڵگرێک کە 40 بۆ 50 فڕۆکە لەسەرە و کۆکردنەوەی شەش هەزار سەرباز لە لایەن ئەمەریکاوە، لە رابردوو بۆ ئێمە هەڕەشە بوو، بەڵام ئێستا ئەوە هەلە بۆ ئێمە".

دەشڵێت: "ئەگەر ئەمەریکا هەر جووڵەیەک بکات، لەسەریان دەدەین".

پێشتریش، ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، مووشەکەکانمان دەگەنە هەر 35 بنکەکانی ئەمەریکا کە لە وڵاتانی نزیک لە ئێران جێگیری کردوون، بە ئیسرائیلیشەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حوسەین سەلامی، فەرماندەی گەشتی سوپای پاسداران لە لێدوانێکی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، ئەمەریکا تەنها جەنگی دەروونی دەکات و ئەو جۆرە کۆکردنەوەی هێزە دەریدەخات کە ئەمەریکا نایەوێت جەنگ هەڵبگیرسێت.

Sputnik

H.J