وڵاتێکی دیکەش هاتە بەرەی دژە ئێرانەوە

لەسەر پرسی هێرشەکانی سەر سعوودییە

K24 – هه‌ولێر:

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئێران بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودییە تۆمەتبار دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، بۆریس جۆنسن پێش چوونە ئەو فڕۆکەیەی کە دەیبات بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئەگەرێکی زۆر هەیە ئێران لە پشت هێرشی سەر دوو دامەزراوەی نەوتیی سعوودییەوە بێت.

لەبارەی سزاکان، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لە ئەمەریکا چاوی بە سەرۆککۆماری ئێران دەکەوێت، بە دووری دەزانێت بژاردەی سەربازیی بەکاربێت، بەڵام سزا و ئابڵووقە بەسەر ئێراندا بە ئەگەرێک ناو دەبات.

بەهۆی ئەو هێرشانە کە لە 14/09/2019 لە لایەن 18 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هەشت مووشەکەوە ئەنجامدران، زیانێکی زۆر بەر پرۆسەی بەرهێنانی نەوتی سعوودییە کەوت، وەک وەڵامێکیش، ئەمەریکا هێزی رەوانەی سعوودییە کردووە.

 H.J