ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرزدەبێتەوە

خۆپیشاندان بەردەوامە

K24 – هه‌ولێر:

10 خۆپیشاندەر لە شارەکانی بەغدا و بەسڕە کوژران و حکوومەتی عێراقیش هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات کە هەڵدەکوتنە سەر دامەزراوەکان.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئاشکرایانکردووە، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، کە 15 رۆژی لەسەر یەکە بەردەوامە، لە بەغدا شەش و لە بەسرە چوار خۆپیشاندەر کوژران و بەهۆی سەختی برینی هەندێک لە بریندارەکانیش، پێدەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزتربێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەرمانی تەقەنەکردنی بەرامبەر خۆپیشاندەران دەرکردووە.

ئەمڕۆ هەینیش، چاوەڕوان دەکرێت، خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام بدرێت و ئاڵۆزی زیاتر دروست ببێت.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان، تاکو ئێستا نزیکەی 300 کەس لە عێراق کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون.

H.J