یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌

ره‌شنووسی هه‌مواره‌كه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

دەستەی وەبەرهێنان هەمواری پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، تا بۆ پەرلەمانی بنێرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.

دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ کوردستان ٢٤ی گوتی: لە پڕۆژە نوێیەکەدا لەپاڵ ئەوەی ئیمتیازی باشتر دراوەتە وەبەرهێنەر، هاوكات حکوومەتیش دەستکراوەتر کراوە، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی مەرجەکاندا، سزای وەبەرهێنەران بدات.

بە بۆچوونی بەشێك لە وەبەرهێنەرانیش، تەنیا یاسای وەبەرهێنان ناتوانێ وەبەرهێنانی بیانی راکێشێت، بەڵکوو پێویستە لەپاڵ ئەوەدا کۆمەڵێك گۆڕانکاریی دیکە بکرێت.

لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "حکوومەت لە هەموو بوارەکاندا هانی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەك دەڕەخسێت. بەگوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان ٢٤یش، لە یاسا نوێیەکەدا گۆڕانکاریی لە سزای کۆمپانیاکان دەکرێت، بە جۆرێك بۆ لەمەودوا حکوومەت تەنها پڕۆژەکان لە وەبەرهێنەران ناسەنێتەوە، بەڵکوو سزای ماددیشیان دەدات.

H.B