یه‌كێتیی ئافره‌تان: مەسرور بارزانی سەرکردەی خۆشەویستی جەماوەرە

خۆشحاڵین بەم قۆناغە و لە ئەستۆگرتنی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و رایگه‌یاند، "ئێمەی ئافرەتانی کوردستان، بە هەمان شێوەی خه‌ڵك، گەشبین و خۆشحاڵین بەم قۆناغە و لە ئەستۆگرتنی سەرۆکایەتیی حکومەت لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بەبۆنەی ناولێنانی ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ناوی سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەکەین و هیوای ئەوپەڕی سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ دەخوازین.

ڕێزدار کاک مەسروربارزانی بە کارامەیی و کارزانی لە نەهێشتنی هزری توندڕەوی بە وردبینی و خوێندنەوەی واقیعی بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان ئەوپەڕی سەرکەوتنی سەلماند لەئەستۆگرتنی گرنگترین و هەسیارترین پرس كە پرسی ئاسایش و ئارامییە لە هەرێمێكی دەورەدراو بە نەیاری مێژوویی و هەڵکەوتەی جوگرافیایەکی شێواو.

سەرباری ئەمەش ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرکردەی خۆشەویستی جەماوەرە و زۆرینەی کوردستانیان بە پەرۆشی و گەشبینییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەزمونی بەڕێزیان دەکەن وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمەی ئافرەتانی کوردستان بەهەمان شێوە گەشبین و خۆشحاڵین بەم قۆناغە و لە ئەستۆگرتنی سەرۆکایەتی حکومەت لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی و بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی حكومەتێكی بەهێز و پێکهاتە و كارنامەکەی دەکەین لە پەیڕەو کردنی پرەنسیپەکانی یەکسانی جێندەری و بوونی نوێنەرایەتی ھاوسەنگ و کارای ئافرەت لە هەموو کایەو پنتەکانی حوکمرانی و داڕشتنی سیاسەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و پەروەردەیی لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی و کارنامەیەکی دەوڵەمەند و گشتگیر كە هیوا و خواستی سەرجەم كوردستانیان بە هەموو جیاوازییەكانەوە لەخۆبگرێت، بۆ چوار ساڵی ئارام و خۆشگوزەران لە كورستانێكی بەهێزدا.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

11/6/2019