عەبدولمەھدی لەبارەی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا بڕیار دەدات

ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەشداركردن لە گفتوگۆكانی ئامادەكردنی بودجە دەچێتەوە بەغدا و عادل عەبدولمەھدیش بڕیار لەبارەی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا دەدات.

ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، بۆ بردنی وەڵامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و بودجە، ھەروەھا شاندەكە بەشداری لە گفتوگۆكانی حكوومەت دەكات بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە بودجەی 2020ـی عێراق.

بڕیاریشە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری كۆتایی بدات لەبارەی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بە تایبەت لەسەر پرسی نەوت و بودجە.

شاندی حكوومەت پێكھاتووە لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەیزران. شاندەكە دوو رۆژی رابردوو سەردانی بەغدای كرد و دوێنێش ئەنجامی سەردانەكەیان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت خستەڕوو.