لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا

رژێمی بەعس ھەموو جۆرە چەكێكی بەكارھێنا و نەیتوانی پاشەكشە بە ھێزی پێشمەرگە بكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

31 ساڵ بەسەر یەكێك لە داستانە بەناوبانگەكەی شەڕی بەرگری خەڵكی كوردستان تێدەپەڕێت، کە داستانی خواکوڕکە، ئەو داستانەی لە ماوەی46  رۆژدا، پێشمەرگەی كوردستان ھێرشێكی بەرفراوانی سوپای عێراقی تێكشكاند، كە جگە لە تۆپ و فڕۆكە، رژێمی ئەوسای عێراق چەكی كیمیاییشی بەكارھێنا، سەرۆك مەسعود بارزانی بوو لە 14/8/1988، لە وتەیەكدا بۆ پێشمەرگەكان پێشبینی ئەوەی كرد دوای شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق- ئێران، بارودۆخی ئابووری و سیاسی عێراق تێكدەچێت و دۆزی گەلی كوردستانیش دەچێتە قۆناغێكی تازەوە.

لە 19 تەممووزی 1988 چەند ھەفتەیەک بەرلەوەی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق - ئێران، بە تەواوی رابگیرێت، رژێمی بەعس ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەستپێکرد، بەڵام پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان بە سەرکردایەتی راستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی لە رووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە، کە ئەو کات بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنراو شەڕێکی بەرگری کەم وێنەیان ئەنجامدا.

ئەو شەڕە بەرگرییە، ھەتا 5ـی ئەیلوولی ھەمان ساڵ بەردەوام بوو. داستانی خواکوڕک شەڕێکی به‌ره‌یی 46 رۆژی بوو، کە سوپای عێراق تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و تەنانەت چەکی کیمیاویشی تیدا بەکارھێنا. لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەکانی کوردستان خۆڕاگرانە توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەکەی رژێمی عێراق بگەیەنن، داستانەكە لە رووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە دەسکەوتێکی زۆری لە چەک و تەقەمەنی ھەبوو. لە رووی سیاسیشەوە پووچکردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو کە دەیویست وانیشان بدات بە وەستانی شەڕی عێراق ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک زۆر لە ھاوکێشە و خەونەکانی حکوومەتی بەغدای لەناوبرد.

داستانی خواکوڕک، نموونەیەکی شکۆداری کۆڵنەدان و ورەبەرزیی پێشمەرگە بوو، چونکە لەساتەوەختێکدا تۆمارکرا، کە حکوومەتی عێراق زنجیرە ھێرشی ئەنفالە بەدناوەکانی دەستپێکردبوو و درێژەشی پێدەدا و شاری ھەڵەبجەیشی بە چەکی کیمیایی بۆردمان کردبوو. بە ھەزاران گوندی کوردستانی کاولکردبوو، خەڵکەکەی ئاوارە و سەرنگووم کردبوو، ئاوەدانی و جەنگەڵەکانی چۆڵ و کانییەکانی ژەھراوی کردبوو، ھەر بۆیە پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان لە خواکوڕکدا سەرکەوتنێکی وایان بەدەستھێنا، کە بۆ باری سیاسی و سایکۆلۆژی کورد و شۆڕشەکەی زۆر پێویست بوو. ئەو داستانە لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا تۆمارکرا، کە حکوومەت زیاتر لە 15 لیوای سەربازی بەکارھێنابوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەنگەرەکانی خواکوڕکدا لە وتەیەکیدا بۆ پێشمەرگەکان پێشبینی ئەوەی کرد، کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زۆر شت رووندەبێتەوە و بارودۆخی ناوخۆ بەگشتی دەگۆڕێت، یا ئەوەیە دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم  جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە، یان دەبێت دەست لە سوپاکەی بشوات.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتەکانیدا پێشبینی کرد بارودۆخی عێراق، پاش وەستانی شەڕ زۆر خراپ دەبێت و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەیتیەکان و ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقە، ئاریشەی مەزن بۆ رژێم دروست دەکەن.

داستانی خواکوڕک، تەنیا شەڕێکی بەرەیی و پارتیزانانەی پێشمەرگە نەبوو، بەڵکوو سەرکەوتنێکی سیاسیش بوو. ئەو سەرکەوتنە لە کاتێکدا بوو سوپای عێراق لە دێوەزمەی شەڕی ھەشت ساڵە رزگاری ببوو، کە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھان پشتیوانیان لێدەکرد. حکوومەتی عێراق بەشێکی زۆری کوردستانی وێرانکردبوو، گوندەکانی چۆڵ کردبوو، کە جاران ببوونە پشتێنەیەکی دڵنیایی و ئەمنی بۆ پێشمەرگە. بەرگری پێشمەرگە لە داستانی خواکوڕک، توانی دیکتاتۆریەت بەچۆکدا بھێنێت و سەربەخۆیی خەباتی رەوای کورد و گیانی مەقاوەمەتی پێشمەرگە بۆ ھەموولایەک دەربخات.

وتاری سەرۆك بارزانی لە خواكوڕك، وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و گرنگ تائێستا ماوەتەوە، ھەروەك پێشمەرگە بەشدارەکانی ئەو داستانە دەڵێن، ئەو وتارە گڕو تینێکی زیاتری بە ئەوان بەخشی، بۆ سەركەوتن بەسەر دوژمن.

لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا
لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا
لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا
لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا
لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا
لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا
لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا