ئه‌مشه‌و ئارجێنتینا به‌ سه‌ركردایه‌تی مێسی یارییه‌ قورسه‌كه‌ی ده‌كات

مێسی به‌ ئامانجی یه‌كه‌مین بردنه‌وه‌ی نازناو بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌جه‌نگێت

ئه‌مشه‌و لە کۆمەڵەی دووەمی کۆپا ئەمریکا هەڵبژاردەکانی ئارجێنتینا و کۆلۆمبیا له‌ كاتژمێر 1:00ـی شه‌و به‌ كاتی هه‌ولێر رووبەروو دەبنەوە، تانگۆ بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی دەیانەوێت دوای26  ساڵ جارێکی دیکە نازناوی کوپا ئەمریکا بەدەست بێنن، لە بەرامبەردا کۆلۆمبیاش دەیەوێت دوای18  ساڵ جارێکی دیکە رکابەری لەسەر نازناوەکە بکاتەوە.

مێسی و هاورێیانی لە هەڵبژاردەی ئارجێنتینا، دوای له‌ ده‌ستدانی دوو کۆپا ئەمریکای له‌سه‌ریه‌ك له‌ ساڵانی 2015 و 2016، ئەمجارەیان بە هیوای گەیشتنەوە بە فایناڵ و بەدەست هێنانی نازناوەکەیان ئامادەکارییان کردووە و دەیانەوێت لە بڕازیل پازدەهەمین نازناو بەدەست بێنن و ژمارەی نازناوەکانیان لەگەڵ ئۆروگوای خاوەن ریکۆرد یەکسان بکەنەوە.

لە دوای ساڵی 1993 تانگۆ نەیتوانیوە نازناوی کۆپا ئەمریکا بەدەست بێنیت، واتە 26 ساڵ بەسەر دوایین نازناویان تێدەپەرێت، سەرەرای ئەوەی لەم ساڵانەدا ئەوان چوار جار گەیشتونەتە فایناڵ، بەڵام هیچ کاتێک نەیانتوانیوە بردنەوە بەدەست بێنن.

مێسی دەیەوێت یەکەم نازناوی لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵام پێدەچیت ئەمجارەشیان ئەرکی ئاسان نەبێت، بە هۆی ئەوەی 15 لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەی ئەزموونێکی ئەوتۆیان نیە و کەمتر لە 15 یاری نێودەوڵەتیان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کۆلۆمبیاش بە سەرکردایەتی رادمیل فاڵکاو و خامێس رۆدریگێز، ئامادەکاری تەواویان کردووە و ئەمانیش دەیانەوێت رکابەرێکی بە هێز بن بۆ بەدەست هێنانی نازناوەکە.

کارلۆس کیرۆشی پۆرتوگالی راهێنەرایەتی کۆلۆمبیەکان دەکات، ئەم راهێنەری ئەمشەو یەکەم یاری فەرمی لەگەڵ هەڵبژاردە نوێیەکەی دەکات و ئامانجیەتی رکابەرەکەی لە یەکەم هەنگاودا تێپەڕێنێت.

کۆلۆمبیا خاوەنی تەنیا یەک نازناوی کۆپا ئەمریکان دوای ئەوەی ئەم هەڵبژاردەیە لە ساڵی 2001 بۆ جاری یەکەم و کۆتایی نازناوەکەیان بەدەست هێنا و لەو کاتەوە نەیانتوانیوە یاری کۆتایی تاقی بکەنەوە و دووجاریش لەم ماوەیەدا پلەی سێیەمیان بەدەست هێناوە.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا لە کۆپا ئەمریکا هەڵبژاردەی ئارجێنتینایە، ئەوان لە مێژووی ئەم پاڵەوانتیە تەنها دووجار بردنەوەیان بەرامبەر تانگۆ بەدەست هێناوە و لە بەرامبەردا هەشت جار دۆڕاون.