په‌رله‌مانی كوردستان له دژی پرۆسه‌ی ته‌عریب هاته ده‌نگ
K24- هه‌ولێر:
شاندێكی پەرلەمانی کوردستان بۆ رێگریكردن لە تەعریب و جێبەجێکردنی مادەی 140، سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات, پێش چوونە بەغداش راپۆرتێك لەسەر داگیرکاریی عەرەبە هاوردەکان و پێشیلکارییەکان تۆمار دەکات و رادەستی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەکات.
له‌م باره‌یه‌وه لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، پلانێکی حکوومەتی عێراق بۆ ناوچە کوردستانییەکان ئاشکرا دەکات و بە مەترسیی بۆسەر داهاتووی ئەو ناوچانە ناوی دەبات.
ئه‌و ئەندامەی لێژنەی ناوچە كوردستانییەكان جه‌خت ده‌كاته‌وه، فراوانبوونی لێشاوی داگیرکاریی و تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان، بۆ نزیکبوونه‌وه‌ی کاتی سەرژمێریی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "ئامانج له هاورده‌كردنی عه‌ره‌بی ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، بۆ زیادكردنی ژماره‌ی عه‌ره‌به‌كانه له‌و ناوچانه، به‌ر له‌وه‌ی ههڵبژدرنی پارێزگاكان به‌ڕێوه بچن".
له‌كاتێكیشدا كاتی سه‌ردانی شاندی په‌رله‌مانتارانی كوردستان بۆ به‌غدا دیاری نه‌كراوه، گۆران عومەر، كه ئه‌ندامێكی دیكه‌ی لێژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانه، ده‌ڵێت: "جێبەجێکردنی مادەی 140 و سەرژمێریی، تاکە چارەسەره بۆ ئه‌و كێشه‌یه" و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه بەشێك لەو رووداوانە هۆکاری سیاسین، بۆیه داوای گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن.
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر, له‌لایه‌ك عەرەبە هاوردەکان زەوییەکانی کورد و بەشێك لە پێکهاتەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داگیر دەکه‌ن, لە لایه‌کی دیکەشه‌وه چەکدارانی داعش هەڕەشەی کوشتن و سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵییهكانیان لێ ده‌كه‌ن و داواى زەکاتیان لێ دەکه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش خه‌ڵكی ناوچه‌كه داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن, کە به تاکە هۆکارێکی دەزانن بۆ پاراستنی تەواوی پێکهاتەکان.
H.B