سه‌رۆك بارزانی داوا له‌ ئەمەریکا و هاوپەیمانان ده‌كات بۆ پاراستنی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان ببینن

سه‌رۆك بارزانی و كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر له‌باره‌ی ئەگەری ڕوودانی شەڕ و کارەسات له‌ سووریا گفتوگۆی ورد و ڕاشكاوانە ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 9/10/2019 سەرۆك مەسعود بارزانی لەگه‌ڵ ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر، لەبارەی دۆخی سووریا و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و کارەسات گفتوگۆی ورد و ڕاشكاوانەیان كرد، سەرۆک بارزانی جارێکی تر نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری ڕوودانی کارەسات بۆ کوردی سووریا دەربڕی و داوای کرد ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان ببینن.

سەرۆک بارزانی لەو دیدارەدا ڕوونیکردەوە کە گەلی کورد لەچوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و ئێستا چاوەڕوانیمان لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی کورد توشی کارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.

هەر لە دیدارەکەدا باسی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی عێراق کرا و سەرۆک بارزانی ڕوونیکردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین داواکارییە شەرعییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن، لە هەمانکاتدا دژی ئەوەین بەرپرسیارێتیی گەندەڵییەکانی ڕابردوو بخرێتە ئەستۆی حکوومەتی ئێستا و کەسانێکی هەلپەرست کە خۆیان بەرپرسی دۆخەکەن، ئێستا بۆ دژایەتیی سەرۆکوەزیران بیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و لەوبارەیەوە پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەته‌كه‌ی عادل عەبدولمەهدی دووپاتکردەوە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ له‌شكركێشیی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا په‌یامێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ كرد.

سه‌رۆك بارزانی له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، خوێنی کورد زۆر لە چەک و پارە، بەهادارترە.

ئه‌مه‌ دەقەکەیەتی:

بەڕێز سەرۆک دۆناڵد ترەمپ

تكایه‌ بزانه‌، گەلی کوردستان هەمیشە و ته‌نیا داوای مافە ڕەواکانی خۆی کردووە و بەرگریی لە خۆی کردووە. پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و کورد بەشێکی کاریگەر بوون لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر.

خوێنی کورد زۆر لە چەک و پارە، بەهادارترە.