راپه‌ڕین.. گەنجێکی 20 ساڵان لە ناو ئاودا خنکا

چواره‌مین حاڵه‌تی خنكانه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا تۆمار ده‌كرێت

K24 - راپه‌ڕین:

 ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 20ی حوزه‌یرانی 2019، گەنجێکی  تەمەن 20 ساڵ بەناوی (هـ. م) لە ناو ئاوی رووباری (قەره‌نی ئاغا) له‌ گوندی (قەره‌نی ئاغا)ی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە له‌ قه‌زای رانیه‌ گیانی خنكا.

ئه‌مه‌ش لەماوەی یەك هەفتەدا دووەم حاڵەتی خنکان لە ئاوەکانی سنووری چوارقوڕنە و چواره‌م حاڵه‌تی خنكانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار دەکرێت.

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ زاری شایه‌تحاڵه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئەو گەنجە هەوڵی داوە بزنێك رزگار بكات کە كه‌وتبووه‌ ناو ئاوەکە، بەڵام سەرەنجام خۆی خنکا.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لەبارەی رووداوەکە رایگه‌یاند، گه‌نجه‌كه‌ خێزاندارە و باوكی منداڵێكه‌، دوای گواستنەوەی تەرمەکەشی بۆ پزیشکی دادوەری رانیە و ئەنجامدانی توێکاری، رادەستی کەسوکاریان كراوه‌ته‌وه‌.

خنکانی ئەو گەنجە تەمەن 20 ساڵیە دووەم حاڵەتی خنکانە لە ئاوەکانی سنووری چوارقوڕنە دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە شوانێکی تەمەن 17 ساڵ لە گۆمی قەمتەران خنکا و چواره‌م حاڵه‌تیشه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار ده‌كرێت.

ئ. م