خامنەیی پێشبینیەكانی بۆ روودانی شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا دەخاتەڕوو

"لەم بەرەنگارییەدا ئەمەریکا ناچار دەبێت پاشگەزبێتەوە"

K24 - ھەولێر

عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی كابینەی دەوڵەت و پەرلەمانتاران، پێشبینیەكان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، تاكە بژاردەی ئێرانیش لەبەرامبەر ھەڕەشە و گوشارەكان بەرگری كردنە.

خامنەیی گوتی: "ئیرادەی ئێمە بەهێزترە. بژاردەی تەواوی ئێران بەرەنگاریەتی دژ بە ئەمەریکا و لەم بەرەنگارییەدا ئەمەریکا ناچار دەبێت پاشگەزبێتەوە. ئەمە بەرگرییەكی سەربازیی نییە. چونکە جەنگ روونادات".

رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران گوتیشی: "هەتا ئەمەریکا بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستەکانی ئەمڕۆی، دانوستان ژەهر دەبێت. ئەمڕۆ ئەو دانوستانەی لەگەڵ ئەمەریکا دەکرێت، دوو جار ژەهرە. دانوستان واتە مامەڵە و کڕین و فرۆش، بەڵام ئەوەی ئەمەریکا ئامانجێتی لاوازكردنی لایەنی بەهێزیی ئێمەیە".

خامنەیی ئاماژەی بەوەشدا: "لەنێو حکوومەتیشدا یەک قسەی نەماوە، کەسێک دێت و بەیانییەکەی پێچەوانەی ئەوە دەڵێت. دوژمن ئەوەندە گەورە مەکەن. ناکرێت بڵێین دوژمن بێهێزە، لاوازە، بێچارەیە، بەڵام ئەوانیش کێشەیان هەیە و ئەوەندە بەهێز نین".

 ھ.م