میدیاكانی عێراق دیدگای مه‌سرور بارزانی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به كراوه‌و ئه‌رێنی ده‌بینن
K24 - هه‌ولێر:
وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، كه له رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بڵاو كرایه‌وه، له ئاستی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه‌شدا بایه‌خێكی زۆری پێ درا. رۆژنامه به‌ربڵاو و پێگه هه‌واڵییه‌كانی عێراق، تیشكی زۆریان خسته سه‌ر وتاره‌كه و به ئه‌رێنی و كرانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره، ناویان بردووه.
رۆژی شه‌ممه، رۆژنامه‌ی فه‌رمیی عێراق (الصباح) به بایه‌خه‌وه وتاره‌كه‌ی واشنتن پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵسه‌نگاندووه و ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و كرانه‌وه به رووی عێراقدا، به ئه‌رێنی و كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتر ناو ده‌بات و نوسیوویه‌تی: "وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی كه له میدیاكاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئیجابی و كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتره به‌سه‌ر به‌غدادا و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه ئێستا كاتی هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌یه و بۆ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌نگاوی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر كه له ماوه‌ی شازده ساڵی رابروودا به‌رده‌وام گرژی هه‌بووه و ئێستاش كاتی ئه‌وه هاتووه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت".
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كانی (الزمان و المدی) به گرنگییه‌وه وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیان بڵاو كرده‌وه و په‌یامه‌كانی ناو وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا، به ئومێدبه‌خش ده‌بینن.
چونكه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی وتاره‌كه‌ی رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌دا باسی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا ده‌كات و ده‌ڵێت: "وەك سەرۆك وەزیران، ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌ردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقم كرد و به ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوانمان له په‌یوه‌ست به نه‌وت، ناوچە جێناکۆکەکان، بودجه و ڕۆڵی هێزه چه‌كداره‌كانمان، كۆمه‌ڵیك پێشنیازم خستنه روو. ده‌مه‌وێ له رێگای دابه‌شكردنی هاوسه‌نگ و دادپه‌روه‌رانه‌ی بودجەوه، رێز له ڕێككه‌وتنه‌كانمان بگیرێت. ئه‌م بڕیاره‌ش ده‌توانێت بناغه‌یه‌كی پته‌وی هاوكاریی نێوانمان بێت بۆ ئایینده. دواڕۆژی ئێمه په‌یوه‌سته به عێراقێكی سه‌قامگیر و دیموكرات".
میدیاكانی عێراق له‌و گۆشه‌یه‌ی باسی په‌یوه‌ستبوونی ئایینده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به عێراقێكی سه‌قامگیر و دیموكراته‌وه، زیاتر رۆچوونه‌ته ناو په‌یامه‌كه و وای ده‌بینن، كه قۆناخێكی نوێ له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێم بێته ئاراوه، چونكه له به‌غداش حكوومه‌ت گۆڕاوه و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه، كه به كه‌سێكی "كراوه ناو ده‌برێت و باوه‌ڕی به كێشه‌ی كورد هه‌یه".
له دوای رووخاندی رژێمی سه‌ددام حسێن له ساڵی 2003، تا سه‌رده‌می كابینه‌ی پێشووی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی، هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی زۆری داوه مافه‌كانی به گوێره‌ی ئه‌و ده‌ستووره وه‌ربگرێته‌وه، كه گه‌لانی عێراق له ساڵی 2005 ده‌نگیان بۆی دا. به‌ڵام پێشێلكارییه ده‌ستوورییه‌كان و په‌راوێزخستنی ئه‌و بڕگه و مادده ده‌ستووریاینه‌ی كێشه‌كانی كوردیان تێدا جێ كراوه‌ته‌وه، دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاراسته‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن برد. هه‌رێمی كوردستانی گه‌یانده بڕیاری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی. مه‌سرور بارزانی له وتاره‌كه‌یدا باسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیشی كردووه و نوسیوویه‌تی: "ساڵی 2017، هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام دا، ده‌نگدانه‌كه هیچ پابەندبوونێک یان مولزەم نەبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا 93%ی خه‌ڵك، به (به‌ڵێ) ده‌نگیان دا. ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو كه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرد، له په‌یوه‌ست به مافی بڕیاردانی چارەنووس، پشتگیریی زیاترمان بكات. كاری له‌پێشینه‌مان بونیادنانی كوردستانێكی به‌هێز و سه‌قامگیره، بۆ ئه‌مه‌ش چاومان له پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه. له‌م ڕووه‌وه چاوه‌ڕوانی ددانپێدانان به ڕۆڵی جیهانی و بونیادنه‌رانه‌مان له‌وانه ده‌كه‌ین، كه له پاراستنیاندا هاوكاریان بووین، ئه‌مه‌ش بە هاوكاریكردنمان له بونیادنانی ئابوورییه‌كه‌مان".
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و وتاره‌دا ئامانجه‌كانی كابینه‌كه‌شی بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی روون كردووه‌ته‌وه و باسی ئه‌و كێشه و گرفتانه‌شی كردووه، كه به‌هۆی شه‌ڕ و نه‌هامه‌تی و به‌رۆكی خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه‌كه‌یان گرتووه و نوسیوویه‌تی: "به‌درێژایی ته‌مه‌نی چه‌ندین نه‌وه، بە هۆی شەڕو ئاڵۆزی، هه‌موو خێزانێك له هه‌رێمی كوردستانی عێراق، زیانی كه‌سیی به‌ركه‌وتووه. چیتر نامانه‌وێ و ناشتوانین به هۆی شەڕ و ناکۆکیی لایەنەکان و دراوسێكان، كه دەرهاوێشتەیەکی خراپی بە جێهێشتوە، ده‌ستبه‌رداری هه‌ماهه‌نگی و هاوسۆزیی بین، یان ئه‌و قوربانییانه له‌به‌رچاو نه‌گرین، كه خه‌ڵكێكی زۆر داویانه".
سه‌رۆك وه‌زیران به دیدگایه‌كی روونه‌وه سه‌رنجی دۆست و هاوڕێیانی گه‌لی كوردستان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی راكێشاوه و داوای كردووه له تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه سیاسی و ئابوورییه‌كاندا، هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بن، له‌م باره‌یه‌وه نوسیوویه‌تی: "هه‌نووكه كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌وڵی زیاتر بده‌ن و كاری له‌مه زیاتر بكەن. سه‌ر له‌نوێ ڕۆڵی نێوه‌ندگیرێکی پاك ده‌گێڕین، كه هه‌مووان متمانه‌ی پێ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش له روانگه‌ی دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی راسته‌قینه‌وه ده‌كه‌ین. دوای ئه‌وه‌ی پاڵشتیی نه‌گۆڕی خۆمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوپه‌یمانه‌كانمان نیشان دا، له نێویاندا ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها پابه‌ندیی خۆمان به به‌ها و پره‌نسیپه دیموكراتییه‌كان سه‌لماند. ئێستا پێویستیمان به‌وه‌یه دۆسته‌كانمان، هاوكارمان بن له سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه".