لێژنه‌ی شاره‌وانی مه‌رجی تاپۆكردنی خانووی زیاده‌ڕۆ ئاشكرا ده‌كات

پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ دەسپێکردنی وەرزی نوێی یاسا دانان دەکات
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لیژنەی یاسایی له‌ پەرلەمانی كوردستان ئامادەکاری بۆ ژمارەیەك پێشنیازی یاسا دەکات، کە فراکسیۆنە جیاوازەکان  ئامادەیان کردوون و یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌و پڕۆژه‌ پێشنیازانه‌ش تاپۆكردنی ئه‌و خانوانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون.

له‌مباره‌شه‌وه‌ خەدیجە مزوری، ئەندامی لێژنەی یاسایی رێكکارە یاسایەکان بۆ ئەو پێشنیازی یاسایە ده‌خاته‌ روو و ده‌ڵێت: لێژنه‌كه‌یان 18 پێشنیازی یاسایی لەبەردەست بوو، 14 یان رەهەندی داراییان هەیە و رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران کراون و ئەو پێشنیازه‌ یاسایانەی دیکەش كه‌ ره‌هه‌ندی داراییان نییه‌، تاوتوێی دەکرێن بۆ ئەوەی لە وەرزی یاسادانان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت.

پێشنیازی تاپۆکردنی ئەو خانوانەی لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستکراون، یەکێکە لەو پێشنیازە یاسایانەی لیژنەی شارەوانیەکان ئامادەی دەکات، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، بە گوێره‌ی ناورەۆکی پێشنیازی یاساکە، سەرجەم ئەو خانوانە تاپۆ دەکرێن، کە بە شێوەی زیاده‌ڕۆیی دروستکراون، لێژنەکەش لەسەر نرخی تاپۆكردن بۆچونیان جیاوازە، دەیانەوێت کەمترین پارە لە هاووڵاتیان وەربگیرێت.

له‌مباره‌شه‌وه‌ شوان زرار، ئه‌ندامی لێژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: مەرجی تاپۆكردنی خانەوەکان ئەوەیە، كه‌ ده‌بێت لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شارەوانییەکان بێت.

1ی9ی 2019 خولی پایزەی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە، جگە لە پێشنیازی یاسای فراکسیۆنەکان کە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ دەکرێت، پرۆژە یاسای چاکسازی لە حکوومەتەوە دەنێردرێتە پەرلەمان، کە بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە، هەنگاوێکی گەورە لە بواری چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

H.B