رۆبۆتی نێو فیلمە خەیاڵییەكان نمایش دەكرێن

پێشانگایەكی تایبەت بە رۆبۆت لە بەریتانیا كرایەوە

 K24 - ھەولێر

دەركەوتنی رۆبۆتەكان لە جیھاندا رۆژ بە رۆژ لە فراوانبووندایە، بەشێوەیەكی بەرچاو دەستیان بەسەر كاری مرۆڤەكان داگرتووە، تەنانەت ھەندێك جار كاری ئەستەم دێتە پێش مرۆڤ كە چارەسەركردنی ئەستەمە، كەچی رۆبۆت زۆر بە ئاسانی ئەنجامی دەدات، لە بەریتانیا پێشانگایەك كراوەتەوە تێیدا ئەو جۆرە رۆبۆتانە نمایش دەكرێت كە تەنیا لە فیلمی خەیاڵیدا بینراون و توانیویەتی سەرنجێكی زۆری سەردانیكەر بۆخۆی كێش بكات.

پێشووتر تەنیا لە فیلمی خەیاڵی زانستی رۆبۆت دەبینرا، بەڵام ئێستا لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەكاندا دەبینرێت، چ لە ماڵەكاندا بێت یانیش شوێنی كاركردن، لە بەریتانیا پێشانگای ھەڵۆ رۆبۆت بەڕێوەدەچێت، تێیدا ئەو رۆبۆتانە  نمایشدەكرێن كە بە بەشێكی گرنگ لە مێژووی ھۆڵیوودا دادەنرێن و یەكێك لە بەناوبانگترین رۆبۆتەكانی ئەم سەردەمە ھەژماردەكرێن كە بۆ یەكەم جارە لەو وڵاتە دەخرێتەڕوو و لە پلاندایە یەكێك لەو رۆبۆتانە بۆ فیلمێكی جەنگی ئەستێرەكان بەكاربھێندرێت.

رێكخەرانی پێشانگاكە باس لەوەدەكەن كە ئەو رووداوەی لەم پێشانگایە روودەدات، دەبێتە ھۆكاری دروستبوونی كۆمەڵێك پرسیار دەرباری ئەو پەیوەندییە بەھێزەی لە نێوان مرۆڤ و ئامێرەكاندا ھەیە، جگە لەوەی كە چەند بابەتێك ئاشكرادەكات، وەكو ئەوەی كە چۆن رۆبۆت و مرۆڤ لە یەك كاتدا بتوانن بەیەكەوە كاربكەن و تەنانەت چۆن رۆبۆتەكان لە داھاتوودا بتوانن چاودێری مرۆڤەكان بكەن؟.

ئامانج لەم جۆرە پێشانگانە دروستبوونی كۆمەڵێك پرسیار لەسەر بڕی ئەو رۆبۆتانەی لێدەكەوێتەوە كە پێویستە لە شوێنە گشتییەكاندا بوونیان ھەبێت و تەنانەت تاچەند خاوەن توانایەكی باشی بیركردنەوەیان ھەیە بۆ ئەوەی بە ئاسانی شان بە شانی مرۆڤ ھەموو جۆرە كارێك ئەنجامبدەن، ئەوەش روونە كە رۆبۆت توانیویەتی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەست بەسەر بەشێكی زۆری كار بگرێت و سەرنجێكی زۆری خەڵك بۆ خۆی كێش بكات.

 ھ.م