سێ باندی تاوانكاری لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر كران

"چەندین تاوانیان ئەنجامداوە"

K24 - رانیە 

هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین سێ باندی تاوانکاریان دەستگیر كرد، کە تاوانی جۆراو جۆریان ئەنجام داوە و هەوڵیانداوە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان بشێوێنن.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو کەسانە دەستگیر كراون سێ باندی جیاوازن، باندێکیان کاریان لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل و پاشان ساغکردنەوەی کردووە، یەکێکی تر لەو باندانە کاری بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان لە سنووری قەزای پشدەر کردوە، ھەروەھا باندێكی دیكەش هەستاون بە تەقەکردن لە خەڵک و ماڵی هاووڵاتیان و هەوڵیانداوە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان بشێوێنن".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد: "ژمارەیەک لە دەستگیر کراوەکان پێشتر فەرمانی گرتنیان هەبووە و دانیان بە تاوانەکانیان ناوەو لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ دەکرێت".

دەستگیر کردنی ئەو باندە تاوانکاریانە لە کاتێکدایە پێشر ژمارەیەک هاووڵاتی لەسەر دزینی ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس ناسراو بە (مەرزیە) و تەقەکردن لێیان سکاڵایان لە پۆلیس تۆمار کردبوو.

ھ.م

سێ باندی تاوانكاری لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر كران
سێ باندی تاوانكاری لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر كران
سێ باندی تاوانكاری لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر كران