له‌سه‌ر پاڵاوتگه‌ى بێجى ره‌وتى حيكمه‌ و عه‌سائيب شه‌ڕيانه‌

یەکتر بە دزین و بەتاڵانبردنی ئامێرەکانی ئەو پاڵاوتگەیە تۆمەتبار دەکەن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و رێکخراوی عەسائیب ئەهلى حەق لەسەر پاڵاوتگەی بێجی یەکتر بە دزین و بەتاڵانبردنی ئامێرەکانی ئەو پاڵاوتگەیە تۆمەتبار دەکەن.

هەردوولاش جەخت لەسەر بوونی بەڵگەی دەنگی و ڤیدیۆیی تێوەگلانی یەکدی دەکەنەوە.

لەبەرامبەریشدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوا لە سەرۆک وەزیران دەکەن، دەستێوەردان لە بارودۆخەکە بکات و رێگە نەدات کێشەکە ئاڵۆزتر بێت.

له‌و باره‌يه‌وه‌، محەممەد کەریم، پەرلەمانتاری کوتلەی سادقونی سەر بە رێکخراوی عەسائیبى ئه‌هلى حەق رایگەیاند، جەبار لعێبی، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، کە سەر بە رەوتی حیکمەی نیشتمانییە لە بەتاڵانبردنی ئامێرەکانی پاڵاتوگەی بێجی تێوەگلاوە.

گوتیشی: بەڵگەی دەنگی و ڤیدیۆیی هەیە، کە دەریدەخات وەزیری نەوتی پێشوو لە گەندەڵی تێوەگلاوە.

پاڵاوتگەی بێجی، بە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوتگەکانی عێراق دادەنرێت، ئەو پاڵاوتگەیە لە ساڵی 2015 لەلایەن هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵکرایەوە، بەڵام لە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێکی زۆری ئامێرەکان بەتاڵانبردران و حکومەتیش لەبەرامبەردا هیچ هەڵوێستێکی نەبوو.