نەتەوە یەكگرتووەكان: تاوانی جەنگ لە عەفرین ئەنجامدراوە

"گرووپە چەكدارەكان كوشتن و رفاندن و تاڵانكاری لە عەفرین ئەنجامدەدەن"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a864936c-a0e3-4096-ab89-9666898b114c/091219ZFD.ism/manifest

K24 - ھەولێر

نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، تاوانی جەنگ لە عەفرین ئەنجامدراوە و رفاندن و تاڵانكاریش لە شارەكە بەردەوامە.

كۆمیتەی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بەھۆی نەبوونی یاسا، گرووپە چەكدارەكان لە عەفرین، دەستیان كردووە بە گرتن و رفاندن و كوشتن و ئەشكەنجەدانی خەڵكی سڤیل.

لە راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوەش كراوە، پرۆسەكە دژی ھاووڵاتییانی سڤیلی كورد ئەنجام دەدرێت، ئەگەر بزانن بڕێك سەروەت و سامانیان ھەیە، لەپێناو بەدەستھێنانی پارە بە شێوەیەكی نا یاسایی.

لەلایەكی دیكەوە، یەكەیەكی سەر بە سوپای ئازادی سووریا، دەستگیركردنی ھەشت ھاووڵاتی كورد پشتڕاستدەكاتەوە.

لیوای سەمەر قەند، كە سەر بە سوپای ئازادی سووریا رایگەیاند، ھەشت ھاووڵاتی كوردیان لە گوندی كەفەر سفرا سەر بە جندرێس دەستگیركردووە، چونكە ھەوڵی رێكخستنی خۆپیشاندانێكیان دژی گرووپە چەكدارەكان داوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، چوار كەسیان ئازاد كردون و چواری دیكەش رەوانەی دادگا كراون.

ئەوەشیان پشتڕاستكردووەتەوە، كە لە كاتی دەستگیركردنیان گولـلەیان ئاراستەی كەسوكاریان كردووە، چونكە ھەوڵیان داوە رێگری لە دەستگیركردنیان بكەن.